رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: بە جیدی بیر لە دەستپێکردنەوەی جەنگێکی گشتگیر دژی ئێران دەکاتەوە و هۆشداریی دا لەوەی هێرشی داهاتوو زۆر گەورەتر دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026 لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی (ئەکسیۆس) رایگەیاند: خەریکی تاوتوێکردنی هێرشێکی سەربازیی فراوانە بۆ سەر ئێران و لە هەموو هێرشەکانی پێشوو فراوانتر دەبێت. ترەمپ گوتی: "بیر لە هێرشێکی زەبەلاح دەکەمەوە. گەورەتر لە هەر شتێک پێشتر کراوە. نزیکم لەوەی بڕیار بدەم و ئێمە بە تەواوی بۆ ئەوە ئامادەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: ئێرانییەکان دەیانەوێت دانوستاندن بکەن، بەڵام لەم قۆناخەدا ئامادە نین رێککەوتن واژۆ بکەن و گوتی: "ئەوان هێشتا ئازاری پێویستیان نەبینیوە." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەوڵەکانی نێوەندگیری بە (ئەکسیۆس)ـیان راگەیاندووە: سەرکردایەتیی ئێران تاوەکو ئێستا رەزامەندی لەسەر دوایین پێشنیازی نێوەندگیرەکان نیشان نەداوە و هاوکاریی پرۆسەکە ناکەن.
بەرەی دەریای سوور و حووسییەکان
لە پەراوێزی گرژییەکانی تەنگەی هورمز، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیال هۆشداریی دایە حووسییەکانی یەمەن. ترەمپ نووسیویەتی: ئەگەر حووسییەکان جارێکی دیکە هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، ئەوا واشنتن ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت و "ئێران و حووسییەکان رووبەڕووی سزایەکی سەربازیی یەکجار قورس دەبنەوە."
ئەم پەرەسەندنانە بازاڕی وزەی جیهانییان هەژاندووە و نرخی نەوت دووبارە گەیشتووەتە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمریکا لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا بەردەوام بووە لە لێدانی ئامانجە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێران تاوەکو رێگری لە هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا تاران هیچ ئاماژەیەکی بۆ پاشەکشە نیشان نەداوە.
سەردانەکەی نەتەنیاهوو بۆ واشنتن
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، ترەمپ رایگەیاند: ئەگەر داوا لە ئیسرائیل بکات، ئەوا لە ماوەی "دوو خولەکدا" دێنە نێو جەنگەکەوە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە "پێویستی بە هیچ کەسێک نییە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت هەفتەی داهاتوو بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهام سەردانی واشنتن بکات. ترەمپ گوتی: "پەیوەندییەکانم لەگەڵ بیبی (نەتەنیاهوو) زۆر باشن و ئەگەر لە شار بێت، دەیبینم."
جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، ئێستا بەرەو قۆناخێکی نادیار و مەترسیدار هەنگاو دەنێت. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ جەخت لە "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" دەکاتەوە، پەککەوتنی رێڕەوە ئاوییەکانی وەک تەنگەی هورمز و بابولمەندەب، ئابووریی جیهانی خستووەتە لێواری داڕمانێکی گەورە کە رۆژانە 10 ملیار دۆلار زیانی لێدەکەوێتەوە.



