رووداو دیجیتاڵ
رۆمانیا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەوەتەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەستیپێکردووە، درۆنێکیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە.
نیکوسۆر دان، سەرۆکی رۆمانیا رۆژی هەینی، 24-07-2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، درۆنەکە لە کاژێر 11:00ـی بەیانی بەکاتی کوردستان لەلایەن فڕۆکەوانێکی رۆمانییەوە خراوەتە خوارەوە.
سەرۆکی رۆمانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ناوچەیەی درۆنەکەی تێدا تێکشکێندراوە چۆڵەوانی بووە. هەروەها گوتی، لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی سەرچاوەی درۆنەکە و دەستیانپێکردووە.
رۆمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە و هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراینا.
لە دەسپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022، چەندینجار پاشماوەی درۆن و مووشەک لە خاکی رۆمانیادا کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بە فەرمی درۆنێک لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێکبشکێندرێت.
ئەم پێشهاتە نوێیە ناوچەکە دەخاتە قۆناخێکی هەستیارەوە، چونکە رۆمانیا وەک ئەندامێکی ناتۆ هەر هێرشێک بۆ سەر خاکەکەی بە مەترسی بۆ سەر هەموو هاوپەیمانێتییەکە دەبینێت. ئێستا گوشارێکی زۆر لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا هەیە بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتانی هاوسنووری ناوچەی شەڕ.



