رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی زیادبوونی
گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی
گشتی لە هەولێر، هۆشدارییەکی ئەمنیی تووندیان بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان لە عێراق
و هەرێمی کوردستان دەدەن و داوایان لێدەکەن لەوپەڕی ئامادەییدا بن بۆ هەر
هەڵکشانێکی چاوەڕواننەکراو. باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوێت، بەحرێن، ئیمارات، قەتەر و ئیسرائیلیش هەمان هۆشدارییان بۆ ئەمریکییەکان بڵاوکردەوە.
لە هۆشدارییە
ئەمنییەکەدا کە رۆژی 24ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "بەهۆی
بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە
لەگەڵ ئەگەری هەڵکشانی چاوەڕواننەکراو."
نوێنەرایەتییەکانی
ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییەکانیان دەکەن کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن،
"بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و لەوپەڕی ئاگاداریدا بن، هەروەها خۆیان ئامادە
بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی پچڕپچڕی ئاسمانی وڵاتان و
پچڕانی ئەگەردار لە گەشتەکانیاندا."
هەروەها ئاماژە بەوە
دەکەن کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا، کاتی دەستپێکردنەوەی خشتەی
گەشتەکانی پێشوویان دواخستووە و هەندێکی دیکەش چەندین گەشتیان بەتەواوی
هەڵوەشاندووەتەوە. بۆ ئەمەش، لینک و زانیارییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی (هەولێر و
سلێمانی) لە هەرێمی کوردستان و (بەغدا و بەسرە) لە عێراق خستووەتە روو بۆ ئەوەی
هاووڵاتییەکانیان بەدواداچوون بۆ گەشتەکانیان بکەن.
لە بەشێکی دیکەی
هۆشدارییەکەدا، داوا لەو ئەمریکییانە کراوە کە لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن،
پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتکردنیاندا بکەن بۆ ناوچەکە، یان تێپەڕبوون بەنێویدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا
هۆشدارییەکی مەترسیداریش دەدات و دەڵێت: "دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا،
تەنانەت لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، کراونەتە ئامانج. رەنگە ئێران و ئەو
گرووپانەی پاڵپشتیی دەکەن، بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا لە دەرەوە یان لەو شوێنانەی
پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئەمریکییەکانەوە هەیە لە سەرانسەری جیهان بکەنە ئامانج،
لەنێویاندا بزنسەکان و دامەزراوەکانی دیکەی ئەمریکی."
تایبەت بەو هاووڵاتییە
ئەمریکییانەی کە لە نێو عێراق و هەرێمی کوردستاندان، راگەیێندراوەکە داوایان
لێدەکات: "ئامادەیی خۆیان لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵنەوە، چاودێریی میدیا
ناوخۆییەکان بکەن و رێنماییەکانی دامودەزگە نێوخۆییەکان جێبەجێ بکەن."
هەروەها هۆشداری دەدات کە "دەکرێت پچڕانی گەشتەکان و داخرانی ئاسمانی وڵات لە
ماوەیەکی زۆر کورتدا رووبدات. لە ئەگەری روودانی هەر هێرشێکیشدا، خۆتان پەنا بدەن و
لە کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکان بپارێزن."
سەبارەت بە دۆخی
کارکردنی نوێنەرایەتییەکانیان، راگەیێندراوەکە ئاشکرای دەکات کە نێردەی ئەمریکا لە
عێراق بە کراوەیی دەمێنێتەوە هەرچەندە بڕیاری دەرچوونی ناچاریی کارمەندانیان لە
ئارادایە و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکەیان
لە بەغدا و کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر بکەن.
راگەیێندراوەکە داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات کە خۆیان لە
هەموو خۆپێشاندان و کۆبوونەوەیەکی گەورە، هەروەها لەو شوێنانەی کە هێزی زۆری
پۆلیسی لێیە بەدوور بگرن و لەو شوێنانەش کە بە ئاشکرا پەیوەندییان بە ئەمریکاوە
هەیە وريا بن.



