رووداو دیجیتاڵ
سێ مانگ دوای ئەوەی هێرشێک بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشداریی لە ئێوارەخوانەکەدا کردەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێک گوتارێکی پێشکێش کرد کە پڕ بوو لە گاڵتە و توانجگرتن لە رۆژنامەڤانان و کەسایەتییە دیارەکان.
ترەمپ لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە رووداوەکەی مانگی نیسان کرد کە تێیدا پیاوێک خاڵی پشکنینی نێو شوێنی ئێوارەخوانەکەی بڕی، تەقەی کرد و ئاهەنگەکەی تێکدا.
ترەمپ گوتی: "وەک سێ مانگ لەمەوبەر گوتم، ئاهەنگەکە دەبێت بەردەوام بێت."
سەرۆکی ئەمریکا ؛توانجی لە چەندین کەسایەتیی دیاری سیاسی و هۆڵیوود گرت کە حەزی پێیان نییە، لەنێویاندا: باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا؛ خانمە ئەکتەر جێن فۆندا؛ برووس سپرینگستینی گۆرانیبێژ؛ ئیلهان عومەر، ئەندامی کۆنگرێس؛ گاڤن نیوزەم، حاکمی ویلایتی کالیفۆرنیا و پێشکەشکارە بەناوبانگەکانی تەلەڤیزیۆن وەک جیمی فاڵۆن و جیمی کیمڵ.
هەروەها ترەمپ بە بەپێکەنینەوە ئاماژەی بەو خەڵاتە رۆژنامەڤانییانە کرد کە پێشتر لە ئاهەنگەکەدا بەخشرابوونە ئەو راپۆرتانەی رەخنەیان لە ئیدارەکەی گربوو و گوتی: "باشە من هیچ دەسەڵاتێک یان دەنگێکم لەو بەخشینی خەڵاتانەدا نییە؟"
سەرۆکی ئەمریکا گاڵتەی بە بڕیاری خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی کرد - کە لە راستیدا دەستوور رێگەی پێنادات - و لە کۆتایی گوتارەکەیدا کڵاوێکی سووری لەسەر کرد کە لەسەری نووسرابوو "Trump 2028" و بە گاڵتەوە گوتی: "دەبێت بزانن کە من جارێکی دیکە خۆم بەربژێر دەکەمەوە!"
ئاهەنگێک بە رێکارە ئەمنییە تووندەکانەوە
ئەم ئێوارەخوانە لەوانی پێشوو جیاواز بوو. شوێنەکە بچووکتر بوو و تەنیا نزیکەی 700 کەس ئامادە بوون و رێکارە ئەمنییەکانیش زۆر تووند بوون. میوانەکان تەنیا لە یەک دەروازەوە بە پشکنینی ناسنامە، سەگی مەشقپێکراو و پاسەوانی چەکداردا تێپەڕین.
لە ئاهەنگەکەدا، خەڵاتی ئازایەتی بەخشرا بە ڤیکتۆر گۆنزالێس، ئەفسەری دەزگای نهێنیی ئەمریکا کە لە رووداوەکەی مانگی نیساندا لە خاڵی پشکنیندا بە سەختی بەرگری کرد و گوللــەیەک بەر هێلەگە گوللـەنەبڕەکەی کەوتبوو. هەروەها خەڵات بەخشرا بە ستافی هۆتێلی واشنتن هێڵتن بۆ خۆڕاگری و کارکردنیان لە کاتی کێشەکەدا.
پەیوەندیی ترەمپ و میدیاکان
ئامادەبوونی ترەمپ لەم ئاهەنگەدا جێگەی سەرنج بوو، چونکە لە کۆشکی سپییەوە پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆزی لەگەڵ میدیاکاندا هەیە. بە جۆرێک چەندین جار رەخنەی تووندی لە رۆژنامەڤانان گرتووە، دادگایی کردوون و بەشێکیشی لە رووماڵکردنی رووداوەکانی کۆشکی سپی قەدەخە کردووە.
تەنانەت یەکێک لە خەڵاتکراوەکان تایڵەر پەیجەر، رۆژنامەڤانی نیویۆرک تایمز بوو، کە پێشتر وەزارەتی دادی ترەمپ بەهۆی راپۆرتەکانی لەبارەی ئەو فڕۆکەیەی قەتەر بە دیاری بە ترەمپی دابوو، بانگهێشتی دادگەی کردبوو، هەرچەندە رۆژی پێنجشەممە سکاڵاکە هەڵوەشێنرایەوە.
سەرەڕای ئەم ناڕەزایەتییانە، ترەمپ لە کۆتاییدا هەوڵیدا هێمنی بگەڕێنێتەوە و بە رۆژنامەڤانانی گوت: "من رێزێکی زۆرم بۆ پیشەکەتان هەیە، بەڵام کاتێک من لە گۆڕەپانەکەدا نەبم، هەمووتان مایەپووچ دەبن چونکە کەس بابەتەکانتان ناخوێنێتەوە."
هەروەها سەبارەت بە ئاهەنگەکە بە پیکەنینەوە گوتی: "نەمدەزانی چاوەڕێی چی بکەم، بەڵام ئەمەی ئەمڕۆ زۆر لەوە خراپتر بوو کە پێشبینیم دەکرد!"



