رووداو دیجیتاڵ
یووری نەبیێڤ، پارێزەری بە رەچەڵەک کوردی ناسراوی مۆسکۆ و ئەندامی پارتی (رووسیای دادپەروەر بۆ راستی)، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی فیدراڵیی رووسیا بەربژێرە.
دانەر مستەفا لە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لە رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە شانازیی و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە" پارێزەر یووری شامیلەڤیچ نەبیێڤ، لەلایەن پارتی دادپەروەرییەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەنجوومەنی دووما (پەرلەمان)ی رووسیا بەربژێر کرا.
دانەر کە لە مۆسکۆوە بە تەلەفۆن قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، پێشتر ئەنجوومەنی دووما ئەندامی بە رەچەڵەک کوردی هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە کوردێک لە بازنەی مۆسکۆ بەربژێر دەکرێ.
یووری نەبیێڤ، کوڕی چالاکڤانی کۆچکردووی دیاری کورد، یووری نەبیێڤە، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و رووسیا.
پارێزەر یووری نەبیێڤی کوڕ، تەمەنی 45 ساڵە و بە رەچەڵەک کوردی ئێزدییە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رووسیا بڕیاری داوە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 18 تاوەکو 20ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەبچێ. لەم هەڵبژاردنەدا 450 ئەندام بۆ خولی نوێی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن. پارتی رووسیای دادپەروەر لیستێکی پڕ لە بەربژێری ئامادە کردووە و ناوی نەبیێڤیش لە نێو ئەو ناوانەدا دەبینرێ.
پارێزەر نەبیێڤی کوڕ پێشتر لە ساڵی 2024 بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی مۆسکۆدا کردبوو. لەو هەڵبژاردنەدا لە بازنەی 21، شەش هەزار و 800 دەنگی بەدەستهێنا، کە دەکاتە 10.05 لەسەدی کۆی دەنگەکان و پلەی چوارەمی لە نێو بەربژێرەکاندا گرت.
ئێستا پارێزەرە کوردەکە جگە لەوەی پارێزەرێکی چالاکە لە ژووری پارێزەرانی مۆسکۆ، یاریدەدەری یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی فیدڕاڵیی رووسیایە و بەردەوام لە نێو پڕۆژە سیاسییەکاندا دەردەکەوێ.
یووری نەبیێڤی کوڕ لە بەردەم دادگەی هەرێمیی لوبلینسکی لە 20ی تەمووزی 2026. وێنەکە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی وەرگیراوە.
دانەر مستەفا دەڵێت: "یووری نەبیێڤ یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی مۆسکۆ و لەنێو کورد و خەڵکی شارەکە ناسراوە، بۆیە بە بەربژێرێکی بەهێز دادەنرێ."
باوکی نەبیێڤ؛ تێکۆشەرێکی کوردی ناسراو
باوکی نەبیێڤ، یووری شەمیلیێڤیچ نەبیێڤ لە ساڵانی 1953 تاوەکو 2021 ژیاوە؛ نەبیێڤی باوک لە شاری تبلیسی باکووری کوردستان لەدایکبوو و یەکێک بوو لە چالاکڤانە دیارەکانی کورد لە رووسیا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو. ئەو هاونیشتمانییە دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری چەندین ماڵپەڕی گرنگی کوردی بوو وەک (کوردستان روو) و (رییا تازە)، کە خزمەتێکی زۆریان بە کولتوور و مێژووی کورد لەو ناوچانە کرد.
یووری نەبیێڤ (1953- 2021). وێنە: هەژماری دانەر مستەفا لە فەیسبووک
نەبیێڤی باوک هەروەها سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی گەلی کورد و رووس بووە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هەبوو؛ چەندین جار سەردانی هەولێری کرد و لە لایەن سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
یووری نەبیێڤی باوک لەگەڵ سەرۆک بارزانی.
یووری نەبیێڤی باوک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی. وێنە: هەژماری دانەر مستەفا لە فەیسبووک
دانەر مستەفا بە رووداوی گوت: "نەبیێڤی کوڕیش لەسەر رێچکەی باوکی دەڕوات و دەیەوێت کولتوور و ناسنامەی کوردی بپارێزێ و پردی پەیوەندی لە نێوان گەلی کورد و رووسیا بەهێز بکات."
نەبیێڤی کوڕ، لە نێو کەناڵی تەلەگرامەکەی خۆیدا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی چالاکییە سیاسییەکانی و ئامادەکاری بۆ کێبڕکێی گەیشتن بە پەرلەمان دەکات.
سەرژمێریی فەرمیی ساڵی 2010 دەریخست کە نزیکەی 64 هەزار کەس لەوانەی خۆیان وەک کورد دەناسێنن، لە رووسیا دەژین. دانەر مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، مەزەندە دەکەن لەو کاتەوە ژمارەکە زیادبووبێت و گەیشتبێتە لانیکەم 100 هەزار کەس.



