رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی یەکشەممە هۆشداریی دا تاران وەڵامی ئۆکراینا دەداتەوە کە کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای قەزوین کردووەتە ئامانج؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کێیڤ رایگەیاندبوو، چەندین هێرشی دوورهاوێژیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانە کە کەرەستەی سەربازیی ئێران دەگوازنەوە.
عێراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران و بەو هۆیەوە دەریاوانێک کوژراوە." وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم هەنگاوەی وەک "پێشێلکارییەکی روونی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" وەسف کرد و گوتیشی هێرشەکە "لەسەر داوای ئیسرائیل و بە ئامانجی راکێشانی ئەورووپا بۆ ناو جەنگ" ئەنجامدراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کێڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە کارەکەی کێیڤ "بەبێ وەڵام نامێنێتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کەشتییەکە تەقیوەتەوە، دەریاوانێک کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. تاران جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە "هەرگز دەستوەردانی لە ململانێی نێوان رووسیا و ئۆکراینا نەکردووە."
ئۆکراینا: ئەنجامی زۆر باشمان بەدەستهێناوە
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رۆژی شەممە رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە رێگەی هێرشی دوورهاوێژەوە لە دەریای قەزوین، "ئەنجامی زۆر باشیان" بەدەستهێناوە.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەشتییانەیان پێکاوە کە بۆ گواستنەوەی باری سەربازیی ئێران بەکاردەهاتن، جگە لە پێکانی کەشتییەکی جەنگی.
هاوکات دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، هێرشە درۆنییەکانیان ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی کردووەتە ئامانج کە لەژێر سزای نێودەوڵەتیدان و بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی لەنێوان ئێران و رووسیا بەکاردەهێنرێن.
بەپێی زانیارییەکانی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رۆژی شەممە باڵیۆزی ئۆکراینای لە تاران بانگهێشت کردووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم کارەی کە وەک "کردەوەیەکی دوژمنکارانە و تاوانکاری" وەسفیان کردووە.



