رووداو دیجیتاڵ
پارێزەر یووری نەبیێڤ، کە یەکەمین سیاسەتڤانی بە رەچەڵەک کوردە لە مۆسکۆ بۆ پەرلەمانی فیدراڵیی رووسیا بەربژێر کرابێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیێنێت، پێویستە کار بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەکانی نێوان رووسیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت. دەشڵێت، وەک سیاسەتڤانێکی کورد رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ رەوەندی کوردی، کردووەتە بنەمای کارەکانی.
یووری نەبیێڤ، پارێزەری بە رەچەڵەک کوردی ناسراوی مۆسکۆ و ئەندامی پارتی (رووسیای دادپەروەر بۆ راستی)، کە ئێستا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی فیدراڵیی رووسیا بەربژێرە، لە پەیامێکدا کە بۆ رووداوی ناردووە، باس لە ئامانجەکانی دەکات و دەڵێت: "دەمەوێت بە گوتەکانی رێزدار مەسعود بارزانی دەستپێبکەم، کە کاتێک گوتاری بۆ رەوەندی کوردی لە سەرتاسەری جیهان دەدا، بانگەوازی دەکرد ببنە 'باڵیۆز'ی گەلی کورد، هەروەها نەتەوە، زمان و کولتووری خۆیان شیرین بکەن و گەلی کورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بە شێوەیەکی شایستە بناسێنن."
نەبیێڤ دەشڵێت: "[سەرۆک بارزانی] جەختی لەوە دەکردەوە کە شێواز و رەفتاری هەر کوردێک لە دەرەوەی وڵات، وێنەی تەواوی گەل دروست دەکات."
ئەو بەربژێرە کوردە ئاماژە بەوە دەکات: "سەرۆک بارزانی داوای دەکرد کە ئێمە رێز لە دابونەریت و کولتووری ئەو گەلانە بگرین کە لەسەر خاکیان دەژین. من کوڕی باوکی خۆمم؛ ئەو پیاوەی ژیانی خۆی پێشکێش و فیدا کرد لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کورد و بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و دۆستانە لە نێوان گەلانی رووس و کورددا. من وەک سیاسەتڤانێکی رووسی بە رەچەڵەک کورد، لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوامم."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای رووسیا و پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هەولێر، یووری نەبیێڤ بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ رووسیا لەژێر گەمارۆی زانیاریدایە. ئەو وڵاتانەی دژی رووسیان، رووسۆفۆبیایەکی راستەقینەیان بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە تەواو ناڕاست، بێبنەما و نادادپەروەرانەیە. لەم کاتەدا بەتایبەتی گرنگە کە ئێمە بە سۆزەوە نەکەوینە نێو پشێوییەکی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندییە ستراتیژی، جیۆپۆلەتیکی، ئابووری و کولتوورییە هاوبەشەکانی رووسیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بجووڵێینەوە."
بەربژێرەکەی پەرلەمانی رووسیا باسی لەوەش کرد، "رووسیا بووەتە نیشتمانی ژمارەیەکی زۆر لە کوردان کە هیچ کاتێک لەسەر بنەمای نەژاد، نەتەوە یان ئایین نەچەوسێندراونەتەوە. دەکرێت پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلانی رووس و کورد وەک نموونەیەک سەیر بکرێن."
پێشتر رۆژی یەکشەممە، دانەر مستەفا، لە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لە رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، جێگەی "شانازیی و خۆشحاڵییەکی زۆرە" کە پارێزەر نەبیێڤ، لەلایەن پارتی دادپەروەرییەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەنجوومەنی دووما بەربژێر کراوە.
دانەر مستەفا کە لە مۆسکۆوە بە تەلەفۆن قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، پێشتر ئەنجوومەنی دووما ئەندامی بە رەچەڵەک کوردی هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە کوردێک لە بازنەی مۆسکۆ بەربژێر دەکرێ.
پارێزەر نەبیێڤ، تەمەنی 45 ساڵە و بە رەچەڵەک کوردی ئێزدییە. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رووسیا بڕیاری داوە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 18 تاوەکو 20ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەبچێ. لەم هەڵبژاردنەدا 450 ئەندام بۆ خولی نوێی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن. پارتی رووسیای دادپەروەر لیستێکی پڕ لە بەربژێری ئامادە کردووە و ناوی نەبیێڤیش لە نێو ئەو ناوانەدا دەبینرێ.
پارێزەر نەبیێڤ پێشتر لە ساڵی 2024 بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی مۆسکۆدا کردبوو. لەو هەڵبژاردنەدا لە بازنەی 21، 6 هەزار و 800 دەنگی بەدەستهێنا، کە دەکاتە 10.05 لەسەدی کۆی دەنگەکان و پلەی چوارەمی لە نێو بەربژێرەکاندا گرت.
ئێستا پارێزەرە کوردەکە جگە لەوەی پارێزەرێکی چالاکە لە ژووری پارێزەرانی مۆسکۆ، یاریدەدەری یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی فیدڕاڵیی رووسیایە و بەردەوام لە نێو پڕۆژە سیاسییەکاندا دەردەکەوێ.
یووری نەبیێڤی کوڕ لە بەردەم دادگەی هەرێمیی لوبلینسکی لە 20ی تەمووزی 2026. وێنەکە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی وەرگیراوە.
دانەر مستەفا دەڵێت: "یووری نەبیێڤ یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی مۆسکۆ و لەنێو کورد و خەڵکی شارەکە ناسراوە، بۆیە بە بەربژێرێکی بەهێز دادەنرێ."
باوکی نەبیێڤ؛ تێکۆشەرێکی کوردی ناسراو
باوکی ئەم پارێزەرە کوردە،کە ئەویش ناوی یووری شەمیلیێڤیچ نەبیێڤە لە ساڵانی 1953 تاوەکو 2021 ژیاوە؛ نەبیێڤی باوک لە شاری تبلیسی باکووری کوردستان لەدایکبوو و یەکێک بوو لە چالاکڤانە دیارەکانی کورد لە رووسیا و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران. ئەو هاونیشتمانییە دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری چەندین ماڵپەڕی گرنگی کوردی بوو وەک (کوردستان روو) و (رییا تازە)، کە خزمەتێکی زۆریان بە کولتوور و مێژووی کورد لەو ناوچانە کرد.
یووری نەبیێڤ (1953- 2021). وێنە: هەژماری دانەر مستەفا لە فەیسبووک
نەبیێڤی باوک هەروەها سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی گەلی کورد و رووس بووە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هەبوو؛ چەندین جار سەردانی هەولێری کرد و لە لایەن سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
یووری نەبیێڤی باوک لەگەڵ سەرۆک بارزانی.
یووری نەبیێڤی باوک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی. وێنە: هەژماری دانەر مستەفا لە فەیسبووک
دانەر مستەفا بە رووداوی گوت: "نەبیێڤی کوڕیش لەسەر رێچکەی باوکی دەڕوات و دەیەوێت کولتوور و ناسنامەی کوردی بپارێزێ و پردی پەیوەندی لە نێوان گەلی کورد و رووسیا بەهێز بکات."
نەبیێڤی کوڕ، لە نێو کەناڵی تەلەگرامەکەی خۆیدا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی چالاکییە سیاسییەکانی و ئامادەکاری بۆ کێبڕکێی گەیشتن بە پەرلەمان دەکات.
سەرژمێریی فەرمیی ساڵی 2010 دەریخست کە نزیکەی 64 هەزار کەس لەوانەی خۆیان وەک کورد دەناسێنن، لە رووسیا دەژین. دانەر مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، مەزەندە دەکەن لەو کاتەوە ژمارەکە زیادبووبێت و گەیشتبێتە لانیکەم 100 هەزار کەس.



