رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا یاسایەکی نوێی واژۆ کرد کە رێکارەکانی مانەوەی منداڵی کرێکارە بیانییەکان و مەرجەکانی داهات بۆ کرێکارە بیانییەکان لەو وڵاتەدا تووندتر دەکات.
بەپێی ئاژانسەکانی (سپوتنیک) و (ریا نۆڤۆستی)، بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو یاسایە لە ماڵپەڕی فەرمیی زانیارییە یاساییەکانی رووسیا بڵاوکراونەتەوە.
بەپێی بەشی یەکەمی یاسا نوێیەکە، منداڵی کرێکارە بیانییەکان دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا دوای گەیشتن بە تەمەنی 18 ساڵی، رووسیا جێبهێڵن، یانیش دەبێت مۆڵەتی کارکردنی تایبەت بە خۆیان دەربهێنن، بێ ئەوەی پێویستیان بە بڕوانامەی خوێندن هەبێت. پێش گەیشتن بە تەمەنی 18 ساڵی، ماوەی مانەوەی ئەو منداڵانە تەنیا بەگوێرەی ماوەی مۆڵەتی کارکردنی دایک یان باوکیان درێژ دەکرێتەوە.
بۆ ئەوەی ماوەی مانەوەی منداڵەکە درێژ بکرێتەوە، دەبێت دایک یان باوکەکە بڕە پارەیەکی دیاریکراو وەک باجی داهاتی پێشوەختە بۆ هەر منداڵێک بدات. ئەگەر مۆڵەتی کاری دایک یان باوکەکە نوێ نەکرێتەوە یان هەڵبوەشێتەوە، دەبێت ئەو کەسە بیانییە و منداڵەکانی لە ماوەی 15 رۆژدا رووسیا جێبهێڵن، مەگەر ئەوەی پاساوێکی دیکەی یاساییان بۆ مانەوە هەبێت.
بەشی دووەمی یاساکە تایبەتە بە مەرجی داهات؛ دەبێت کرێکارە بیانییەکان داهاتیان هێندە بێت کە بتوانن بژێویی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن. بە جۆرێک داهاتەکەیان نابێت لە ئاستی بژێویی دیاریکراو لەو هەرێمەی تێیدا کار دەکەن، کەمتر بێت.
هەروەها سیستمێکی نوێی چاودێریکردن دانراوە؛ دەستەی باجەکان زانیارییەکانی داهاتی کرێکارەکان بۆ ماوەکانی 3، 6، 9 و 12 مانگ دەداتە وەزارەتی ناوخۆ، هاوکات سندووقی کۆمەڵایەتییش زانیاری لەسەر دۆخی کارکردنی ئەو کرێکارانە پێشکێش دەکات.
لە کۆتاییدا یاساکە هۆشداری دەدات، ئەگەر دەرکەوت داهاتی کرێکارە بیانییەکە لەو بڕە کەمترە کە دیاریکراوە، ئەوا گرێبەستی کارەکەی هەڵدەوەشێتەوە و ماوەی مانەوەشی لە رووسیا کورت دەکرێتەوە.



