رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا دەڵێ، رۆژئاوا پێگەی باڵادەستی بەسەر جیهاندا لەدەستداوە و ئیدی هێزی زاڵی جیهان بەرەو رۆژهەڵات لە گۆڕاندایە؛ هەروەها داوا دەکات پێداچوونەوە بە سیستمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشدا بکرێ، چونکە ئەو سیستمە "ئیدی کەڵکی نەماوە".
نیکۆلاس سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهان رایگەیاند: "ئەمڕۆ، رۆژئاوا کەمتر لە 800 ملیۆن دانیشتووی هەیە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپا پێکەوە کۆبکەیتەوە، لە بەرامبەردا ئاسیا چوار ملیار دانیشتووی هەیە". سارکۆزی پێیوایە ئەوە دیمۆگرافیایە کە مێژوو دروست دەکات، نەک پێچەوانەکەی، بۆیەش دەڵێت: "ئێمە لە رۆژئاوا بووینەتە کەمینە".
سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بەراوردی دۆخی ئێستای رۆژئاوا بە سەردەمی لویسی شازدەیەم (ساڵی 1774 بۆ 1794) دەکات و دەڵێ، لەو کاتەدا وڵاتانی رۆژئاوا سەرچاوەی رووداوەکانی جیهان بوون، بەڵام "ئەوە کۆتایی هات"؛ ئاماژە بەوە دەکات: "جاران ئێمە زاڵ بووین بەسەر جیهاندا، بەڵام ئێستا بەسەرماندا زاڵ دەبن و هێزی زاڵی جیهان لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات دەگۆڕدرێ. ئەگەر ئەوە نابینن، نازانم پێویستت بە چییە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سارکۆزی باس لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەڵێ: "ئەگەر لەوە تێنەگەین کە دەبێت بەپەلە پێکهاتەی ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بگۆڕین، نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی قەیرانەکاندا وەک ئامادەنەبوویەکی گەورە دەمێنێتەوە".
سارکۆزی نموونەی چەندین وڵاتی کاریگەر دەهێنێتەوە کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش نین، لەوانەش هیندستان کە زۆرترین دانیشتووی هەیە لە جیهاندا؛ ژاپۆن کە یەکێکە لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان، لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای باشوور.
سارکۆزی دەپرسێ: "ئێمە لە سەتەی بیست و یەکەمین، بەڵام هێشتا رێکخراوەکانی سەتەی بیستمان هەن. چۆن چاوەڕێ دەکەی بەم سیستمە گفتوگۆ لەسەر رووسیا، ئۆکراینا، غەززە، ئیسرائیل، قەرەباخ، ئەرمینیا و ئازەربایجان بکەین؟ ئەوە نابێت".
سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا ئاماژە بە گەشەی خێرای دانیشتووانی جیهان دەکات کە لە تەمەنی تەنیا یەک مرۆڤ (خۆیدا) لە 2.5 ملیارەوە بۆ 7.5 ملیار کەس زیادی کردووە و پێشبینی دەکات ئەفریقا بۆ 2.5 ملیار کەس گەشە بکات.
سارکۆزی زیاتر باسی دۆخی رۆژئاوا دەکات و دەڵێت: "تەنیا رێگەمان بۆ سەرکەوتن تەکنەلۆژیا نییە، چونکە لە شێنجین(ی چین) هێندەی دۆڵی سیلیکۆن(ی ئەمریکا) تەکنەلۆژیا هەیە. دەبێت لە مەترسییەکان تێبگەین و پێویستە بوێر بین. پێویستە یاساکانی یارییەکە بگۆڕین بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئاستی جیهان و لەنێو سیستمی دیموکراسیدا ببووژێتەوە. بەلای منەوە، هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە".
نیکۆلاس سارکۆزی ساڵانی 2007 بۆ 2012 سەرۆککۆماری فەرەنسا بوو.


