رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئێل سەلڤادۆر سزای زیاتر لە هەزار ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ژمارەیەک ئەندامی باندەکاندا سەپاند، کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، سپیکردنەوەی پارە و چەند تاوانێکی دیکە سزادراون.
نووسینگەی داواکاری گشتیی وڵاتەکە لە ئێکس بڵاویکردەوە، باندێکی ناسراو بە (ئێل گریمیۆ) بەهۆی "بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، سپیکردنەوەی پارە و کۆبوونەوەی نایاساییەوە" کراونەتە ئامانج. لە کۆی 28 ئەندامی باندەکە، دوو کەسیان سزای هەزار و 48 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
دەرکردنی ئەم سزایە قورسانە لە چوارچێوەی ئەو جەنگە بەردەوامەدایە کە نایب بوکێلێ، سەرۆکی ئێل سەلڤادۆر، لە ساڵی 2022ـەوە دژی باندەکان رایگەیاندووە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 90 هەزار کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لەو باندانە دەستگیرکراون و زۆربەیان لە زیندانە تووندوتۆڵەکانی ئەو وڵاتەدا هێڵراونەتەوە.
لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا، کۆنگرێسی وڵاتەکە هەموارێکی دەستووریی پەسند کرد. بەپێی هەموارەکە، زۆرترین سزای زیندانیکردن کە پێشتر 60 ساڵ بوو هەڵوەشێنرایەوە و سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ بکوژان، دەستدرێژیکاران و تیرۆریستان جێگەی گرتەوە، دواتریش بە جۆرێک فراوان کرا کە منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵیش بگرێتەوە.
رێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێن، ئێل سەلڤادۆر سەربەخۆیی دادوەریی لەدەستداوە و بوکێلێ بە دەسەڵاتێکی رەهاوە وڵات بەڕێوەدەبات. هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ حکومەتەکەی بە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" و زیندانیکردنی کەسانی بێتاوان تۆمەتبار دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی)، لە کاتی دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتەی بوکێلێوە، سەدان کەس لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کراون.


