رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی سیوتای ئیسپانی رۆژی هەینی رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە چوونەتە ناوچەکەی. ئەم ژمارەیەش یەکسانە بە 70٪ـی کۆی دانیشتووانی ئەو شارە ئیسپانییەی کە دەکەوێتە باکووری ئەفریقا. بەڵام حکومەتی ئیسپانیا دەڵێت، زیاتر لە 48 هەزار کەس لەو کۆچبەرانە بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە.
گەیشتنی لەناکاوی ئەم هەموو کۆچبەرانە بووەهۆی دروستبوونی پشێوی و قەیرانێکی مرۆیی گەورە. ئیسپانیا سوپا و هێزی زیاتری پۆلیسی رەوانەی سیوتا کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لە کاتێکدا لە دیوی مەغریبیش هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی کۆچبەران بوونەوە. لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە، لانیکەم 41 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی راپۆرتە نێوخۆییەکان، نزیکەی 90٪ی ئەو کۆچبەرانە خەڵکی مەغریبن، دوای ئەوان جەزائیرییەکان و پاشان خەڵکی وڵاتانی دیکەی خوارووی بیابانی گەورەی ئەفریقا دێن.
خوان خیسوس ڤیڤاس، سەرۆکی سیوتا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەو دۆخەی سیوتا پێیدا تێدەپەڕێ بەهیچ شێوەیەک بەرگەی ناگیرێ."
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، رۆژی هەینی سەردانی سیوتای کرد و سەرکۆنەی بەزاندنی سنوورەکانی کرد، کە بە "پێشێلکردنی یەکپارچەیی خاکی ئیسپانیا" ناوی برد.
سانچێز قاچاخچییەکانی بە هۆکاری قەیرانەکە زانی و گوتی: "ئەوان فێڵ لە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان دەکەن و دواجار زۆریان بەرەو مەرگ دەبەن — چ لەنێو دەریا بێت یان وەک ئەم دۆخە، لەسەر سنووری ئیسپانیا لە شاری سیوتا."

لە ڤیدیۆکانی بەرەبەیانی هەینیدا دەردەکەوێ، سەتان کۆچبەر کە لەسەر گردێکی رووەو سیوتا کۆببوونەوە، لەلایەن هێزەکانی مەغریبەوە بە گازی فرمێسکرێژ بڵاوەیان پێدەکرێ، لە کاتێکدا خەڵکێکی دیکە بەردەوامن لە مەلەکردن بەرەو خاکی ئیسپانیا. بەڵام تاوەکو پاشنیوەڕۆی هەینی، بەشی زۆری کۆچبەرەکان بەهۆی سەختیی دۆخەکەوە دەیانویست سیوتا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە.

رەشید سەبیحی، سەرۆکی یەکێک لە سەندیکاکانی کرێکاریی ناوخۆیی کە نوێنەرایەتیی ئەفسەرانی بەرگریی شارستانی دەکات، دۆخەکەی بە "قەیرانێکی مرۆیی سەخت" ناوبرد و گوتی، هەزاران کۆچبەر، لەنێویاندا منداڵانی بێسەرپەرشت، لەنێو پارکەکان و سەر شۆستەکان دەخەون، هەندێکی دیکەشیان بێ ئامانج بەنێو شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە. سەبیحی گوتی: "دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و پشێوە."
لەلایەکی دیکەوە، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند: "ئەو وێنانەی لە سیوتاوە دێن قبووڵنەکراون." ڤۆن دێر لاین رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ناتوانین رێگە بدەین هیچ کەسێک بێتە نێو یەکێتییەکەمانەوە بێ ئەوەی پابەندی یاساکانمان بێت. دەبێت دەستبەجێ پەڕینەوە مەترسیدارەکان رابگیرێن. دەبێت تۆڕی قاچاخچییەکان هەڵبوەشێندرێنەوە. هەروەها دەبێت بە خێرایی کۆچبەرەکان بگەڕێندرێنەوە، وەک ئەوەی یاساکانمان رێگەی پێدەدەن."
دەیان کەس لەنێو پشێوییەکەدا گیانیان لەدەستدا
سەبیحی ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لەو 41 کەسەی گیانیان لەدەستداوە خنکاون، بەڵام هەندێکی دیکەیان لە کاتی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵخیدا گیانیان لەدەستداوە کاتێک ویستوویانە بەسەر پەرژینێکی کەنار دەریادا بپەڕنەوە. ئاوەکانی نزیک پەرژینە سنوورییەکە پڕ ببوون لە پێڵاو و کەلوپەلی دیکەی کۆچبەران کە بەجێیان هێشتبوو.
ژمارەیەک لەو گەنجە مەغریبیانەی چوونەتە نێو سیوتاوە بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان گوت، هیوایان وابووە هەلی کاری باشتر لە ئیسپانیا بدۆزنەوە، بەڵام بەهۆی پشێوی و ئاژاوەی نێو سیوتاوە بڕیاری گەڕانەوەیان داوە.

عەبدوڵڵا بوجی، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە کە خەڵکی تەتوانەی مەغریبە، گوتی: "لە وڵاتەکەم هیچ نییە. دەبوو رۆژانە 12 کاژێر کار بکەم بەرامبر مووچەیەکی زۆر کەم. هەر لەبەر ئەوەش هاتمە ئێرە. بەڵام لێرەش هیچ دەرفەتێکم نەدۆزیوەتەوە، بۆیە ناچارم بگەڕێمەوە."
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە مەغریب، پۆلیسی ئەو وڵاتە ئاوپرژێنی بەکارهێناوە و تەقەی ئاگادارکردنەوەیشی بەسەر کۆچبەرەکاندا کردووە بۆ ئەوەی رێگرییان لێ بکات تاوەکو نەچە نێو سیوتاوە. ئەشرەف مەیموونی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە شاری فنیدەق کە هاوسنوورە لەگەڵ سیوتا، گوتی: "سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس، خەڵک لە رێگەی ئاوەکەوە دەپەڕینەوە، لە کاتێکدا سنووری وشکانی بە داخراوی مابووەوە."
کریما بەنیەعیش، باڵیۆزی مەغریب لە ئیسپانیا هیوای خواست کە ئەوانەی پەڕیونەتەوە بگەڕێنەوە مەغریب. ئەو دیپلۆماتە دۆخی سیوتای بە سەخت ناوبرد و گوتی کە ئەمە بەدڵی مەغریب نەبووە و روویداوە؛ بەڵام باڵیۆزەکە هیچ لێدوانێکی نەدا لەسەر ئەوەی چی وای لەو کۆچبەرانە کردووە بچنە سیوتاوە.
بۆ گەیشتن بە سیوتا، کۆچبەران زۆرجار لە شاری فنیدەقی مەغریبەوە نزیکەی 5 کیلۆمەتر مەلە دەکەن تا دەگەنە خاکی ئیسپانیا. هەندێکی دیکەشیان لە شارۆچکەی نزیکتری بیلیونێچەوە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن کە مەوداکەی کورتترە.

هۆکاری لێشاوی کۆچبەران پەیوەندی بە بڕیارێکی دادگەوە هەیە
دەسەڵاتدارانی سیوتا و مەدرید پێیانوایە هۆکاری ئەم لێشاوە گەورەیەی کۆچبەران دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەم دواییەی دادگای باڵای ئیسپانیا، کە بڕیاری دابوو ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی دەریایەوە دەگەنە وڵاتەکە، نەتوانرێ بێ رێکاری یاسایی دەستبەجێ دیپۆرت بکرێنەوە؛ پێچەوانەی ئەوانەی لە رێگەی وشکانییەوە دێن یان بەسەر پەرژینەکاندا سەردەکەون.
سانچێز گوتی، قاچاخچییەکان بەهەڵە لە بڕیارەکە تێگەیشتوون و بە خەڵکیان گەیاندووە؛ گوتیشی: "پێدەچێت ئەم لێکدانەوەیە بۆ بڕیارەکەی دادگای باڵا وەک ئاگر بەنێو تۆڕی قاچاخچییەکاندا بڵاوبووبێتەوە و بووبێتەهۆی ئەم لێشاوە گەورەیەی کە دوێنێ بینیمان." بەڵام هەندێک چالاکڤان لە مەغریب گومانیان لەوە هەیە کە بڕیارەکە هۆکاری رووداوەکە بێت، چونکە بە گوتەی ئەوان، زۆربەی کۆچبەرەکان ئاگاداری بڕیاری یاسایی لەو جۆرە نین.

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پێچەوانەی رەوتی دژە کۆچبەر کاردەکات
سانچێز پێچەوانەی ئەو رەوتە دژە کۆچبەرە کاردەکات کە لە ئەمریکا و سەرانسەری ئەورووپادا سەریهەڵداوە. سەرەتای ئەم ساڵ، حکومەتەکەی بڕیاری دا مۆڵەتی نیشتەجێبوون و کارکردن بداتە سەتان هەزار کۆچبەر کە بێ مۆڵەت لە وڵاتەکەدا دەژیان. سانچێز کە سەر بە پارتی سۆسیالیستە، پێیوابوو ئەم کارە بۆ ئابووری و دیمۆگرافیای ئیسپانیا باشە کە دانیشتووانەکەی بەرەو پیربوون دەچن. بەڵام بڕیارەکە ئەو کۆچبەرانەی نەدەگرتەوە کە دوای 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بە نایاسایی چوونەتە وڵاتەکە.
بەڵام رەخنەگرەکانی ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر سیاسەتەکەی و گوتیان، ئەو بڕیارە وایکردووە کۆچبەری زیاتر روو لە وڵاتەکە بکەن. ئیزابێل دیاز ئایوسۆ، سیاسەتڤانی پارێزگارانی ئیسپانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سانچێز رێگە دەدات ئیسپانیا لە رێگەی سیوتاوە داگیر بکرێ."
رۆژی هەینی سانچێز بەرگریی لە سیاسەتی کۆچبەریی خۆی کرد و گوتی، پەیوەندی بەو رووداوانەوە نییە کە لە سیوتا روودەدەن.

ئەم پشێوییە کاردانەوەی لە دەرەوەی وڵاتیش لێکەوتەوە. وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا بڕیاری دا سەرجەم سنوورە ئاسمانی و دەریاییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسپانیادا دابخات، بەمەش بە شێوەیەکی کاتی کارکردن بە رێساکانی هاتووچۆی ئازادی ناوچەی شنگنی لەنێوان هەردوو وڵات هەڵپەسارد.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و هەریەک لە ئەنتۆنیۆ تایانی و ماتیو سالڤینی، جێگرانی سەرۆکوەزیران، هۆشدارییان لە گرتنەبەری ئەو رێکارە دا، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گەیشتنی هەزاران کۆچبەر بۆ شاری سیوتای ئیسپانیا لە مەغریبەوە.

ئیتاڵیا هیچ سنوورێکی وشکانیی هاوبەشی لەگەڵ ئیسپانیادا نییە و خۆیشی یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی چوونی دەیان هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە. لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنساش گوتی، فەرەنسا پشکنینی سنوورەکانی لەگەڵ ئیسپانیا تووندتر دەکات.
درەنگانی رۆژی پێنجشەممە و دوای هەڕەشەکانی میلۆنی کە گوتبووی رێککەوتنی شنگن هەڵدەپەسێرێت، حکومەتی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی: "ئەم قەیرانەی سیوتا هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخستنی دۆخی کۆچبەرانەوە نییە کە لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە پەسندکراوە، وەک ئەوەی هەندێک کەس بە درۆ بانگەشەی بۆ دەکەن."
گوشارەکان لەسەر دووەم خاکی ئیسپانیا لە ئەفریقا زیاد دەکەن
کۆچبەرانی مەغریب هەروەها هەوڵیان داوە بچنە نێو شاری مەلیلیا، کە دووەم خاکی ئیسپانیایە لە باکووری ئەفریقا. بەپێی راپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە شاری بەنی نساری مەغریب کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەو شارە ئیسپانییە، پشێوییەکی گەورە دروستبووە و کۆچبەران لەگەڵ پۆلیس پێکیان داداوە، بەردیان گرتووەتە پۆلیس و ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیسیان سووتاندووە. هەروەها ئاماژەیان بە برینداربوونی هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی دەیان کەس کردووە کە ویستوویانە بپەڕنەوە.
مەلیلیاش هاوشێوەی سیوتا شارێکی ئیسپانیی خاوەن ئۆتۆنۆمییە لەسەر کەناراوەکانی باکووری ئەفریقا. زۆر لە مەغریبییەکان پێیانوایە هەردوو شارەکە خاکی داگیرکراوی ئەوانن.
سیوتا لە ساڵی 1580ـەوە لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادایە و دانیشتووانەکەی کە تێکەڵەیەکە لە کریستیان و موسڵمان و هاووڵاتییانی ئیسپانی و مەغریبی، بەشێوەیەکی گشتی، ئاشتیانە پێکەوە دەژین.



