رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی شاری توین فۆڵز لە ویلایەتی ئایداهۆی ئەمریکا رایدەگەیێنن، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە نزیک چێشتخانەیەک سێ کەس کوژران و لانیکەم دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە رۆژی شەممە 01-08-2026 روویداوە و پۆلیس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، هێزەکانیان رووبەڕووی "رووداوێکی تەقەکردن" بوونەتەوە لە نزیک چێشتخانەی (In-N-Out Burger) و چەند شوێنێکی دیکەی شارەکە.
جۆش پاڵمەر، گوتەبێژی شارەکە پشتڕاستی کردەوە، لە هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و دووی دیکەش بریندارن، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، زانیاریی زیاتر لەسەر تەقەکەرەکە دەستبەجێ بەردەست نییە. هەروەها نەیتوانی پشتڕاستی بکاتەوە، ئایا تەقەکەرەکە لەنێو کوژراوەکاندایە یان نا.
پۆلیس داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە ناوچەکە دوور بکەونەوە، کە چەندین فرۆشگەی گەورە و کۆمەڵگەیەکی سینەمایی تێدایە.
بەهۆی مەترسیی رووداوەکەوە، مۆڵی ماجیک ڤالی لە نزیک لە شوێنی رووداوەکە داخرا و داوا لە خەڵکی نێو مۆڵەکە کرا لە شوێنی خۆیان بمێننەوە. کارمەندێکی ئاسایشی مۆڵەکە گوتی: "ئێستا لە دۆخی کەرەنتینە (داخستن)ـداین، تەقەکردنێکی بەکۆمەڵ روویداوە."
هەروەها وەک رێکارێکی خۆپارێزی و سەلامەتی، لقی چێشتخانەی (Chick-fil-A) لە شاری توین فۆڵز رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی رۆژەکە دەرگەکانیان بەڕووی کڕیاراندا دادەخەن.



