رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، دەستیانکردووە بە دانانی بەربەستێکی گەورە لەسەر سنوورە دەریاییەکانی نێوان ناوچەی سیوتا و مەغریب. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، لە چەند رۆژی رابردوودا دەیان هەزار کۆچبەر بە لێشاو روویان لەو ناوچەیە کرد، ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی یەکێتیی ئەورووپا.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، پۆلیسی ئیسپانیا دەستی کرد بە دانانی تەلی دڕکاوی بە درێژایی 500 مەتر. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی لێشاوی کۆچبەرانەوە لە چەند رۆژی رابردوودا، لانیکەم 67 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسپانیا، لە رۆژی پێنجشەممەوە نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر لە رێگەی وشکانی و دەریاوە چوونەتە ناو خاکی سیوتا، کە یەکێکە لەو ناوچانەی ئیسپانیا لە باکووری ئەفریقا هاوسنوورە لەگەڵ مەغریب.
ئیسپانیا دەڵێت لەو ژمارەیە زیاتر لە 48 هەزار کۆچبەریان لە ماوەی 48 کاژێردا بۆ مەغریب گەڕێندراونەتەوە.
پەرژینە نوێیەکە لە جۆرێکی تایبەتە و لەسەر ئاستی ئاو و ژێر ئاویش رێگری لە پەڕینەوەی کۆچبەران دەکات، هاوکات رێڕەوێکی تێدا بەجێهێڵدراوە بۆ ئەوەی بەلەمەکانی پاسەوانی سنوور بتوانن چاودێریی ناوچەکە بکەن.
کاردانەوەکانی یەکێتیی ئەورووپا
ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی 22 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا داوای هەنگاوی هاوبەش بکەن بۆ پاراستنی سنوورە دەرەکییەکان. ئێرلەندا کە ئێستا سەرۆکایەتیی خولیی یەکێتییەکەی لە ئەستۆیە، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندامی کردووە بۆ رۆژی سێشەممە.
پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، رەخنەی لە بڕیارەکەی ئیتاڵیا گرت کە بەهۆی ئەم قەیرانەوە رێککەوتنی (شێنگن)ـی لەگەڵ مەدرید بۆ ماوەی مانگێک هەڵپەساردووە. سانچێز لە نامەیەکدا بۆ یەکێتیی ئەورووپا نووسیویەتی: "لە سایەی دۆخی ئێستای جیهاندا، یەکێتیی ئەورووپا بەرگەی ئەم جۆرە کاردانەوە خۆپەرستانە، جەمسەرگیرانە و نایاساییانە ناگرێت."
بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان
لانیکەم 67 تەرم لە لایەنی ئیسپانیی سنوورەکە دۆزراونەتەوە؛ پۆلیس دەڵێت بەشێکیان خنکاون و هەندێکی دیکەشیان لە ژێر دەست و پێدا و لە کاتی هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بەسەر پەرژینەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
فێرناندۆ گراندی مارلاسکا، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا، تۆڕەکانی قاچاخچێتیی تۆمەتبار کرد بەوەی کۆچبەرانیان هەڵخەڵەتاندووە و زانیاریی نادروستیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردووەتەوە. وەزیری ناوخۆ لە سیوتاوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بارودۆخەکە تاوەکو رادەیەکی زۆر کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لەوێ دەمێننەوە.
مارلاسکا گوتیشی: "مەغریب هیچ هەڕەشەیەک نییە بۆ سەر سیوتا یان ئیسپانیا، بەڵکو هاوبەشێکی تەواو جێی متمانەیە."
مافی نیشتەجێبوون نایانگرێتەوە
حکومەتی مەدرید رایگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی چوونەتە ناو سیوتا، رێگەیان پێنادرێت بەرەو خاکی سەرەکیی ئیسپانیا یان وڵاتانی دیکەی شێنگن بڕۆن.
هەرچەندە ئیسپانیا بەرنامەیەکی هەیە بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوون بەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی لەو وڵاتەن، بەڵام بەرپرسانی مەدرید جەخت دەکەنەوە کە ئەم کۆچبەرە نوێیانە ئەو یاسایە نایانگرێتەوە؛ چونکە بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون، دەبێت کۆچبەرەکە بیسەلمێنێت کە پێش 1ـی کانوونی دووەمی 2026 لە ئیسپانیا نیشتەجێ بووە.



