رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی بەرپرسانی خۆجێی رووسیا، رۆژی سێشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هەرێمی مۆسکۆ، پێنج کەس کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون.
ئەندرێی ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری هەرێمی مۆسکۆ لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییمان، هێرشێکی درۆنییان لە هەرێمی مۆسکۆ تێکشکاند."
پارێزگارەکە پشتڕاستی کردەوە کە تووندترین زیانەکان بەر ناوچەی چێخۆڤ کەوتوون و هێرشە درۆنییەکانیش بوونەتە هۆی کەوتنەوەی چەندین ئاگر لەنێو ناوچەی پیشەسازیی نۆڤۆسێۆلکی.
ڤۆرۆبیۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی فریاگوزاری ئاگرێکی گەورەیان لەنێو کۆگایەکدا کوژاندووەتەوە، هەرچەندە زیان بە وێستگەیەکی لاوەکیی کارەبا و باڵەخانەیەکی کارگێڕیش گەیشتووە.
لە گوندی سۆلنیشکۆڤۆش، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکانەوە، زیان بە ماڵێک و ئۆتۆمبێلێک گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی رانەگەیێندراوە.
پارێزگاری مۆسکۆ باس لەوە دەکات کە سوپای رووسیا بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لە ئاسمانی ناوچەکانی ڤۆلۆکۆلامسک، کلین، چێخۆڤ و سێرێبریانۆ-پرودسکی.
تاوەکو ئێستا، کیێڤ هیچ راگەیێندراوێکی فەرمیی لەسەر ئەم هێرشە بڵاونەکردووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

