رووداو دیجیتاڵ پۆلیسی ئەڵمانیا باری نائاسایی لە فڕۆکەخانەیەک راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئۆکراینی دۆزرایەوە، هاوکات فڕۆکەیەکی دیکە لە ئاسماندا تەنێکی نەناسراوی بەرکەوتووە، بەڵام بە سەلامەتی نیشتووەتەوە. شەوی رابردوو، بەهۆی دۆزینەوەی درۆنێک لەسەر رێڕەوی فڕۆکەخانەی لایپزیگ، گەشتەکان بۆ چەند کاژێرێک گۆڕدران و پۆلیس رۆبۆتێکی بۆ پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنیی نێو درۆنەکە بەکارهێنا. ئەم فڕۆکەخانەیە لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی بۆ سوپای ئەڵمانیا و هاوپەیمانانی ناتۆ، هەروەها بنکەی سەرەکیی فڕۆکەکانی "ئەنتۆنۆڤ"ـی ئۆکراینییە. دیمەنە ڤیدیۆییەکان رۆبۆتێکی پۆلیس نیشاندەدەن لە نزیک فڕۆکەیەکی ئەنتۆنۆڤ کە ئاڵای ئۆکراینای لەسەرە و لەسەری نووسراوە "وەک خێرسۆن ئازا بن". ئۆلیکسی ماکیێڤ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە ئەڵمانیا، گومانی خۆی نیشاندا کە مۆسکۆ لە پشت ئەم رووداوەوە بێت و بە میدیاکانی ئەڵمانیای گوتی، "کێی دیکە دەبێت جگە لە رووسیا؟" پۆلیس و داواکاری گشتی دواتر پشتڕاستیانکردەوە، درۆنەکە ئامێرێکی تەقەمەنی و سووتێنەری پێوەبووە. لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری کۆمپانیای DHL کە بەهۆی بارە نائاساییەکەوە نیشتنەوەی هەڵوەشاندبووەوە، لە ئاسماندا و لە دووریی شەش کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەکە، بەر تەنێکی نەناسراو کەوتووە و زیانی سووک بە بەشی پێشەوەی گەیشتووە، بەڵام دواتر بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی هانۆڤەر نیشتووەتەوە. ئەڵمانیا یەکێکە لە گەورەترین پشتیوانە سەربازییەکانی ئۆکراینا، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن گوماندەکەن رووسیا لە پشت زۆربەی ئەم رووداوانەوە بێت، ئەوەش وەک بەشێک لە کەمپەینێکی تێکدەرانە، سیخوڕی و چەواشەکاری لە ئەورووپا.