رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا بڕیاری راگرتنی کارەکانی دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی ئاهەنگگێڕانی لە کۆشکی سپی پەسند کرد، ئەمەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای تووڕە کرد و پێشبینی دەکرێ کێشەکە بگاتە دادگای باڵا.
دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی لە واشنتن هاوڕایە لەگەڵ بڕیاری دادگایەکی نزمتر کە دەڵێ، گۆڕانکارییەکی لەو شێوە گەورە لە کۆشکی سپی، پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێسی وڵاتە. دادگاکە دوو هەفتە مۆڵەتی داوەتە ترەمپ تاوەکو تانە لە بڕیارەکە بدات.
دۆناڵد ترەمپ دوای بڕیارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ هێرشی کردە سەر دادوەرەکان و بڕیارەکەی بە "کارەساتبار، نایاسایی و پاڵنەری سیاسی" ناوبرد. ترەمپ گوتی: "ئەم بڕیارە، دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کارەکان تەواوکراون و پارەیان بۆ تەرخان کراوە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و شەرمەزارییەکی نیشتمانیشە."
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، دروستکردنی ئەم هۆڵە بۆ میواندارییە فەرمییەکان پێویستە، بەڵام دواتر جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژەکە حەشارگەیەکی سەربازیی ژێرزەوی و چەندین تایبەتمەندیی ئەمنیی لەخۆدەگرێ.
دروستکردنی ئەم هۆڵە ساڵی رابردوو بە رووخاندنی بەشی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی دەستی پێکرد. ئەگەرچی سەرەتا ترەمپ رایگەیاند تێچووی پڕۆژەکە 200 ملیۆن دۆلارە و لە لایەن کەرتی تایبەتەوە دابین دەکرێ، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووەکە گەیشتووەتە 600 ملیۆن دۆلار و بەشێکی زۆری لە بودجەی گشتی خەرج کراوە.



