رووداو دیجیتاڵ بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە کۆڵۆمبیا و وڵاتانی دراوسێی هەژاند. بەهۆیەوە دەیان باڵەخانە رووخان، تیمەکانی فریاگوزاریش بەپەلە رەوانەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان کراون بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە. لە پارێزگەیەکی ئەو وڵاتە باس لە مردنی 18 کەس دەکرێ. رۆژی دووشەممە 10-08-2026 دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی کۆڵۆمبیا و ئەمریکا (USGS) رایانگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە بە قووڵایی 100 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای وڵاتەکە بووە. هەرچەندە سەرەتا گوڕەکەی بە 6.6 پلە راگەیێندرابوو، بەڵام دواتر بۆ 7.4 پلە بەرزکرایەوە. بەرپرسانی کۆڵۆمبیا رایانگەیاند، مەترسیی دروستبوونی سوونامی نییە، سەرەڕای ئەوەی بومەلەرزەکە لە ئیکوادۆر، پەنەما و ڤەنزوێلاش هەستی پێکراوە. سەرۆکشارەوانیی پێرێرا کە شارێکی رۆژئاوای وڵاتەکەیە رایگەیاند، 18 کەس گیانیان لە دەست داوە. لە شاری کالی، کە سێیەم گەورەترین شاری کۆڵۆمبیایە، ئەلێخاندرۆ ئیدێر، سەرۆکشارەوانی رایگەیاند، لانیکەم 20 باڵەخانە رووخاون و خەڵکێکی زۆر لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، ئێستاش لە رێگەی درۆنەوە قەبارەی زیانەکان هەڵدەسەنگێندرێن. هاوکات، پارێزگاری چۆکۆ لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە شاری کیبدۆی پایتەختی پارێزگاکە زیانی گیانی و مادیی زۆر هەن. بەهۆی رووداوەکەوە، ئاژانسی فڕۆکەوانیی شارستانیی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان لە شەش فڕۆکەخانەی رۆژئاوای وڵاتەکە راگیراون، کە بریتین لە فڕۆکەخانەکانی (پێرێرا، مانیزالێس، کیبدۆ، ئەرمێنیا، کارتاگۆ و بۆیناڤێنتورا). لە ناوچەی گەشتیاریی ئیخێ کافێتێرۆ چەندین باڵەخانە وێران بوون. مارتا ئیسترادا، دانیشتوویەکی تەمەن 66 ساڵی ناوچەکە گوتی: "هیچ هێڵێکی کارەبا و مۆبایل نەماوە، بوومەلەرزەکە زۆر زۆر بەهێز بوو و شتومەکی نێو ماڵەکانمان کەوتنە خوارەوە." لە بۆگۆتای پایتەخت، کارلۆس گالان، سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند، پێدەچێت زیانەکان تەنیا درزتێبوونی رووکاری دەرەوەی خانووەکان بووبێت، بەڵام هاووڵاتییان بەهۆی ترسەوە بە جلی خەو و لەنێو دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەدا رژانە سەر شەقامەکان. ئابێلاردۆ دێ لا ئەسپریێلا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا بڕیاری دا راستەوخۆ سەردانی ناوچە زیانپێکەوتووەکان بکات. ئەمە لە کاتێکدایە لە 24ـی حوزەیرانی رابردوودا، دوو بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک بە گوڕەکانی 7.2 و 7.5 پلە ڤەنزوێلای هەژاند، کە بووە هۆی مردنی زیاتر لە شەش هەزار کەس و وێرانبوونی ژێرخانی ئەو وڵاتە.
جیهان09-08-2026وردەکاریی "کەمبوونەوەی چەکی ئەمریکا''؛ رووسیا و چین چاودێریی دەکەن و کاریگەرییەکەی درێژخایەنە