رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، واشنتن کۆنترۆڵی تەواوەتیی بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە و لەم ململانێیەی ئێستادا لە دۆخێکی زۆر بەهێزدایە. ترەمپ بێئومێدیی خۆی بەرامبەر تاران دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئێران ئیدی خاوەنی هەژموونی زۆرداریی رابردووی خۆی نییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بیرۆکەی هەبوونی متمانەی بە تاران رەتکردەوە و گوتی: "من دوایین کەسم کە متمانەم بە ئێران هەبێ، ئەوان بەردەوام درۆیان لەگەڵ کردووم."
سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز، ترەمپ جەختی لە باڵادەستیی هێزەکانی ئەمریکا کردەوە و گوتی: "ئێستا ئێمە کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە. ئەوان هیچ کۆنترۆڵێکیان نییە، ئێمە خاوەنی تەنگەکەین. لە کاتێکدا رەنگە ئەوان هەوڵێک بدەن، بەڵام دەستبەجێ لەناودەبرێن."
دۆخی ئەمریکا و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئێران
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد وڵاتەکەی لە دۆخێکی زۆر بەهێزدایە لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا و گوتی: "ئێمە رووبەڕووی وڵاتێک بووینەتەوە کە بۆ زیاتر لە 50 ساڵ زۆرداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. ئەگەر بیری لێبکەیتەوە لە راستیدا 51 ساڵە، بەڵام ئەوان چی دیکە زۆرداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نین."
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە چەند قۆناخێکی جیاوازدا تێدەپەڕیون و بوونەتە هۆی وەستانی بەشێکی زۆری هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.
تەنگەی هورمز کە شادەماری گواستنەوەی زیاتر لە 20٪ی نەوتی جیهانە، بووەتە سەنتەری ململانێی سەربازی و ئابووریی نێوان واشنتن و تاران، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسیییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بێلایەنکردنی رێڕەوەکە تاوەکو ئێستا رووبەڕووی بەربەستی تووند بوونەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


