رووداو دیجیتاڵ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشێکی فراوانی درۆنییان کردە سەر خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی سوپا، ئەمەش بە گەورەترین هێرشی ئەو هێزە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دادەندرێت. لە نیسانی 2023ـەوە، سوودان لە جەنگێکی خوێناوی تێوەگلاوە لەنێوان سوپای نیشتمانی بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتی محەممەد حەمدان دەگەلۆ، کە پێشتر جێگری بورهان بوو. سەرچاوەیەک لە سوپای سوودان گوتی، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە "ژمارەیەکی زۆر درۆن" هێرشیان کردووەتە سەر خەرتووم، شاری عوبەید لە کوردۆفان و شارەکانی عەتبەرە و دامیر لە باکوور، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوپا بەرپەرچی داونەتەوە. فاتیح قورەشی، گوتەبێژی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەخانە و کۆگاکانی سوپایان لە عەتبەرە و کۆگاکانی سووتەمەنییان لە ئومدورمان کردووەتە ئامانج. کاژێر 5:00ـی بەیانی دەنگی تەقینەوە و بەرپەرچدانەوەی مووشەکی لە بنکەی وادی سەیدنای سوپاوە بیستراوە. هەروەها شایەتحاڵەکان لە ناوچەی درۆشاب لە باکووری خەرتووم گوتیان، دوو درۆن بەر مزگەوتێک و گۆڕەڕێکی کارەبا کەوتوون. ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن سوپای سوودان مانگی رابردوو توانی رێگەیەکی سەرەکی ستراتیژی لە نێوان خەرتووم و عوبەید کۆنترۆڵ بکاتەوە. دوای ئەو شکستە، دگەلۆ هەڕەشەی کردبوو کە هێرشی تۆڵەسەندنەوە بکەن. بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم جەنگەدا زیاتر لە 200 هەزار کەس کوژراون و گەورەترین قەیرانی برسییەتی و ئاوارەیی لە جیهاندا دروستبووە. لە خەرتووم، نزیکەی 2.3 ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام رووبەڕووی وێرانکاری، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و کەمیی کارەبا و ئاو بوونەتەوە. شایەتحاڵێک گوتی، هێرشە درۆنییەکەی رۆژی چوارشەممە بووەتە هۆی تەقینەوەی گۆڕەڕێکی کارەبا لە باکووری خەرتووم، کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس تێیدا بێ کارەبا دەژین.