رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی ناحکومیی نێودەوڵەتی دەڵێت، تەرمی 11 کۆچبەری لە دەریای ناوەڕاست و لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا دۆزیوەتەوە کە لە دۆخێکی زۆر خراپی شیبوونەوەدا بوون.
رۆژی هەینی، 14ـی ئاب، فڕۆکەیەکی چاودێری کە لەلایەن رێکخراوی (سۆس مێدیتێران) و (دەستپێشخەریی فڕۆکەوانانی مرۆیی)ـەوە بەڕێوەدەبرێت، 11 تەرمی لەنێو دەریای ناوەڕاست لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا دۆزییەوە.
(سۆس مێدیتێران) لە راگەیێندراوێکدا دیمەنەکەی بە "دڵتەزێن" ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکان لە قۆناخێکی "زۆر پێشکەوتووی شیبوونەوەدا" بوون.
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا رەخنەی تووندی لە وڵاتانی ئەورووپا گرت و رایگەیاند: "ئەم دیمەنە وەبیرهێنانەوەیەکی تاڵە بۆ دەرهاویشتە مرۆییەکانی سیاسەتە کوشندەکانی ئەورووپا و هەوڵدانیان بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران بە هەر نرخێک بێت."
لەلایەکی دیکەوە پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری رووداوەکە کراونەتەوە و لایەنی لیبییان لێ ئاگادار کردووەتەوە، چونکە تەرمەکان لە ناوچەی گەڕان و رزگارکردنی لیبیادا بوون؛ ئاماژە بەوەش کراوە، تەرمەکان نزیکەی 92 کیلۆمەتری دەریایی لە شاری (زوارە)ـی کەناراوەکانی لیبیاوە دوور بوون.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، ئامارەکان نیشانی دەدەن ساڵی 2026 بووەتە ساڵێکی خوێناوی بۆ کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست. رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ئەمڕۆ رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست بە شێوەیەکی "مەترسیدار" بەرزبووەتەوە. بەپێی داتاکانی ئەم رێکخراوە، لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا 821 کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، ئەمەش نیشاندەری زیادبوونی رێژەکەیە بە 111% بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2025.
بەپێی راپۆرتەکان، زیاتر لە نیوەی ئەو گیانلەدەستدانانەی لە سەرەتای ئەمساڵدا تۆمارکراون بەهۆی خراپیی کەشوهەوا بووە لە مانگی کانوونی دووەمدا. ئەمە لە کاتێکدایە، ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران لەو رێڕەوەدا بە رێژەی 46% کەمی کردووە و تەنیا 8,577 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەورووپا.
لە هەمان کاتدا، ئاژانسی سنووریی یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس) ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی 2025ـدا کۆی تێپەڕبوونی نایاسایی بۆ نێو وڵاتانی ئەندام بە رێژەی 26% کەمی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 178,000 کەس.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران، مەترسییەکانی سەر رێگەکە بەهۆی رێکارە ئەمنییە تووندەکان و پەنابردنی کۆچبەران بۆ رێگەی مەترسیدارتر، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانییەکان.
ساڵانە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست دەبنە گۆڕستان بۆ هەزاران کەس کە لە باکووری ئەفریقاوە بە ئومێدی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر روو لە ئەورووپا دەکەن.


