رووداو دیجیتاڵ
کیشوەری ئەورووپا لەژێر کاریگەریی شەپۆلێکی گەرمای بێپێشینەدایە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس و سووتانی رووبەرێکی فراوانی دارستانەکان. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی و کەشناسی لە بەریتانیا، فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەگوێرەی ئاژانسی چاودێریی کەشناسیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو، ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئابی 2026، پلەی گەرما لە پایتەختە سەرەکییەکانی ئەورووپا ئاستێکی پێوانەییان تۆمارکردووە. لە شاری پاریس پلەی گەرما گەیشتووەتە 34 پلەی سیلیزی، کە ئەمە 11.5 پلە لە تێکڕای ساڵانی رابردوو لە هەمان رۆژدا بەرزترە.
دۆخەکە لە ئەڵمانیا و بەریتانیاش هاوشێوەیە؛ لە بەرلین پلەی گەرما 35 پلەی تۆمارکردووە (12.7 پلە لە سەرووی تێکڕای ئاسایی) و لە لەندەنیش گەیشتووەتە 38 پلەی سیلیزی، کە 7.7 پلە لە تێکڕای ساڵانی پێشوو بەرزترە.
فەرەنسا و بەریتانیا؛ مردنی 9000 هاووڵاتی
کاریگەرییەکانی ئەم گەرمایە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ کارەساتبار بووە. تەندروستیی فەرەنسا بۆ رووداو ئاشکرایان کردووە کە تەنیا لەم ساڵدا شەش هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمە لە کاتێکدایە پار ژمارەی مردووان دوو هەزار کەس بووە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا بە رووداوی راگەیاندووە، لەم ساڵدا سێ هەزار هاووڵاتییان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و لێکەوتە تەندروستییەکانییەوە گیانیان لەدەستداوە.
دارستانەکانی ئەورووپا لەنێو ئاگردان
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی، بووەتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگری گەورە لە دارستانەکانی کیشوەرەکە. ئێستا دارستانەکانی وڵاتانی ئەڵمانیا، یۆنان، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، فەرەنسا و کڕواتیا دەسووتێن.
بەگوێرەی ئاژانسی ژینگەی یەکێتیی ئەورووپا، تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا 490 هەزار هێکتار دارستان سووتاوە، کە ئەمە 13% لە هەمان ماوەی پار زیاترە.
ئەم کارەساتە ژینگەیی و کەشوهەواییە کاریگەریی کۆمەڵایەتیی گەورەشی لێکەوتووەتەوە. بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاگر لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و مەترسییەکانی گەرما، نزیکەی 325 هەزار کەس لە ناوچە جیاوازەکانی ئەورووپا ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
ئاژانسی چاودێریی کەشناسیی یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند، فینلاند و نەرویج تەنیا وڵاتی ئەورووپان پلەی گەرما تێیاندا لە تێکڕای ساڵانی پێشوو کەمترە.
لە هێلسینکی پایتەختی فینلاند و ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج پلەی گەرما 13 پلەی سیلیزی بوو، ئەمە پلەیەک لە خوار تێکڕای ساڵانی پێشووە بۆ هەمان رۆژ.
پەیمانگای تەندروستیی فینلاند بە رووداوی راگەیاند: "لەم هاوینەدا تووشی هیچ شەپۆلێکی گەرما نەبووینەتەوە. بە پێچەوانەوە، هاوینی 2026 لە فینلاند تاوەکو رادەیەک فێنک بووە. هەر بۆیە مەترسییە تەندروستییەکانی گەرما لە کەمترین ئاستدا ماونەتەوە و پێویست بە هیچ رێکارێکی نائاسایی نەکردووە."



