رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دوای چەند هێرشێکی کوشندە بۆ سەر حیزبوڵڵا، ئیسرائیل خوازیاری دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێ و جددیترە لەگەڵ لوبنان بە نێوەندگیریی ئەمریکا.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئابی 2026، دۆرۆن سپیلمان، گوتەبێژی نەتەنیاهوو بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا دەبێت ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و وایان لێبکات زۆر جددیتر بن، نەک بە پێچەوانەوە."
ئەو گوتەبێژەی نەتەنیاهوو گوتیشی: "پێموایە واش دەبێت. هیواخوازین ئەم هێرشانە گفتوگۆکان بەرەو پێش ببەن، چونکە لێرەدا دووژمنەکە روونە، کە ئەویش حیزبوڵڵایە."
ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشەکانی دوای ئەوە کردووە، کە حیزبوڵڵا هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنەی ئیسرائیل بە "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری لوبنان ناوی دەبات. نووسینگەی نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کردووە، سێ سەربازی ئیسرائیلی بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بوون.
سپیلمان باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا پابەندە بەو رێککەوتنەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا کراوە، کە داوا دەکات هێزە ئەمنییەکانی لوبنان قۆناخ بە قۆناخ کۆنترۆڵی ناوچەکە بگرنە دەست و حیزبوڵڵا لەوێ دوور بخەنەوە.
گوتەبێژەکەی نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە بڕوامان بەو رێککەوتنە هەیە. هیوادارین هێزە چەکدارەکانی لوبنان بتوانن بێنە نێو کایەکەوە و پێکەوە حیزبوڵڵا لەو وێنەیە دەربهێنین."
ئیسرائیل دەڵێ، لە وەڵامی هێرشەکانی حیزبوڵڵا، بارەگایەکی هێزی رەزوانی سەر بە حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا عەلی سەمیر ئەلحاج حەسەن، فەرماندەی ئەو هێزەی کوشتووە.
هەرچەندە ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە ئەندامانی خێزانی ئەو فەرماندەیەش لەوێ بوون، بەڵام گوتی ئەوان ئامانجەکە نەبوون. دەسەڵاتدارانی لوبنان رایانگەیاند، لە هێرشەکەی سەر ناوچەی ئەنسار، نۆ کەس کوژراون کە چەند منداڵێکیان تێدایە، هەروەها چوار کەسی دیکەش لە هێرشێکی جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە.



