رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (سەندایەر)ی ئەڵمانی، رۆژی شەممە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەرلین بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا دەستپێکردەوە؛ ئەمە یەکەمین پەیوەندیی ئاسمانیی راستەوخۆیە لە نێوان پایتەختی ئەڵمانیا و سووریا لەوەتەی ساڵی 2011ـەوە.
بەگوێرەی بەرنامەی گەشتەکان، ئەم رێڕەوە ئاسمانییە هەفتانە دوو گەشت لە رۆژانی سێشەممە و شەممەدا دەکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزی رابردوودا، ئەڵمانیا و سووریا رێککەوتننامەیەکی نوێیان بۆ هاوکاری لە بواری گواستنەوەی ئاسمانی واژۆکرد.
لە ساڵی 2011دا، دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان دژی بەشار ئەسەد، جەنگی ناوخۆ لە سووریا هەڵگیرسا و بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهان. بەڵام دوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا، حکومەتی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، سیاسەتی کرانەوەی وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا گرتووەتە بەر.
عومەر حوساری، بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا، رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ ئەو سوورییانە دەکات کە لە ئەڵمانیا دەژین؛ هەروەها ئاماژەیەکی روونە بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئەورووپا بۆ بازاڕی سووریا.
رێڕەوی نوێ و فراوانکردنی گەشتەکان
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، کە رۆژی 16ـی تەممووز لە کۆشکی کۆنفڕانسەکان لە دیمەشق، رێککەوتنی کۆتایی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان سووریا و ئەڵمانیا واژۆکرا. هەر لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سووریا ئاشکرای کرد کە کۆمپانیای (لیڤ ئاڤیەیشن)ـی ئەڵمانی لە 1ـی ئەیلوولی داهاتووەوە گەشتە راستەوخۆکانی لە نێوان شاری کۆڵن و دێرەزوور دەستپێدەکات، کە هەفتانە یەک گەشت دەبێت.
عومەر حوساری گەشتەکانی بەرلین-دیمەشقی وەک "هەنگاوێکی دیکە لەم رێگەیەدا" وەسف کرد و راشیگەیاند، کە هێڵی ئاسمانیی سووریا لە رۆژانی داهاتوودا چەندین گەشتی نوێ بۆ شارە جیاوازەکانی ئەورووپا رادەگەیێنێت.
دانیال برۆدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (لیڤ ئاڤیەیشن)، رایگەیاند کردنەوەی هێڵی نێوان کۆڵن و دێرەزوور وەک وەڵامێکە بۆ ئەو داخوازییە زۆرەی کە لەسەر گەشتە راستەوخۆکانی نێوان ئەڵمانیا و سووریا هەیە، بەتایبەتی لەلایەن خێزانەکان و بازرگانانەوە کە دەیانەوێت بە ئاسانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتووچۆ بکەن.



