بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (Journal of Archaeological Science) بڵاوکراوەتەوە، پاشا و کەسایەتییە دیارەکانی یۆنانی کۆن، وەک شارستانیی مینۆس و مایسینییەکان کە لە داستانەکانی ئیلیادە و ئۆدیسەدا باسیان کراوە، ئەنگوستیلەی زۆر سەرنجڕاکێشیان لە ئاسنی نەیزەکەکان دروستکردووە بۆ ئەوەی هێز و دەسەڵاتی خۆیانی پێ نیشان بدەن.
بەکارهێنانی بەردی ئاسمانی لە مێژوودا
لەنێو مێژوودا، زۆر نەتەوە ئاسنی نەیزەکیان بۆ دروستکردنی کەرەستە، چەک و خشڵ بەکارهێناوە:
- لە گرینلاند بۆ دروستکردنی ئامێری پاککردنەوە.
- لە چین بۆ دروستکردنی تەور.
- لە ئەمریکای کۆن بۆ دروستکردنی گەوهەر.
- لە میسر بۆ دروستکردنی تەلیسم بۆ پاراستنی شوانەکان و حوشترەکانیان، هەروەها خەنجەرە بەناوبانگەکەی فیرعەون توت عەنخ ئاموون کە هێشتا جێگەی سەرسوڕمانی زانایانە.
بەڵام پێشتر وا دەزانرا کە یۆنانییەکان لە چاخی بڕۆنزیدا ئەم جۆرە ئاسنەیان بەکارنەهێناوە. بۆیە تیمێک لە زانایان بڕیاریاندا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن.
دۆزینەوە نوێیەکان چین؟
لە توێژینەوەیەکدا کە پێنج ساڵی خایاندووە، زانایان پشکنینی کیمیاییان بۆ زیاتر لە 100 پارچە شوێنەواری یۆنانی کۆن - لەوانە ئەنگوستیلە، بازنە و چەقۆ کردووە - کە مێژووەکەیان بۆ 3,800 تاوەکو 3,000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
لە پشکنینەکاندا کە لەرێگەی تیشکی ئێکسی پێشکەوتووەوە کراوە، دەرکەوتووە کە 13 لەو پارچە ئاسنانە ماددەی "نیکل"یان تێدایە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە ئاسنی نەیزەک دروستکراون.
کێ ئەم ئەنگوستیلانەی لەدەست کردووە؟
ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە، هەر 13 پارچەکە بریتین لە ئەنگوستیلەی شاهانە و گرانبەها کە بە زێڕ یان زیو رووپۆش کراون. هەروەها شوێنی مۆرکردنیشیان تێدایە کە پێدەچێت بۆ مۆری پاشایەتی بەکارهێندرابن.
زۆربەی ئەم ئەنگوستیلیانە لە گۆڕستانی پاشاکان و کەسایەتییە گەورەکان دۆزراونەتەوە. تەنانەت یەکێک لە ئەنگوستیلەکان هێشتا لە پەنجەی قەشەیەکی گەورەدا ماوەتەوە لەنێو گۆڕەکەیدا.
توێژەران دەڵێن: "ئەم دۆزینەوەیە وامان لێدەکات بڵێین کە ئەو ئەنگوستیلیانەی لە بەردی ئاسمان دروستکراون، هێمایەکی زۆر باوی دەسەڵات بوون لەنێو کەسایەتییە دیارەکان و چینی دەسەڵاتداری یۆنانی کۆندا."
ئەو بەردە ئاسمانییانەیان لە کوێ هێناوە؟
زانایان پێیانوایە یۆنانییەکان ئەو ئاسنە نەیزەکییەیان لە میسرەوە هاوردە کردووە. چونکە ژینگەی یۆنان بەهۆی شێ و دەریاوە وا دەکات نەیزەکەکان زوو شیببنەوە و لەناوبچن، بەڵام بیابانە وشکەکانی میسر زۆر گونجاون بۆ پاراستنی نەیزەکەکان و کەڵەکەبوونیان.
بۆچی ئەم مۆدێلە نەما؟
ئەم مۆدێلی "ئەنگوستیلەی بەردی ئاسمانی"ـە تاوەکو نزیکەی ساڵی 1200 پێش زایین بەردەوام بوو و دواتر نەما. زانایان دەڵێن، رەنگە هۆکارەکەی کەمبوونەوەی ئەو جۆرە ئاسنە بووبێت، یان تەنیا وەکو هەر مۆدێلێکی دیکە، کاتی خۆی تێپەڕاندبێت و باوی نەمابێت.


