رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە دوورگەی سەلەمیس لە نزیک ئەسینای پایتەختی یۆنان، 2 کەس گیانیان لەدەستدا و سەتان کەسی دیکەش گوێزرانەوە.
فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاند، تەرمی ئەو دوو کەسە لە ناوچەی کەناراویی پێریستێریا لە باشووری دوورگەکە دۆزراوەتەوە.
پێش ئەم رووداوە بە یەک کاژێر، فەرمان کرابوو بە دانیشتووانی ئەو دوورگەیە و گەشتیارانی ئەوێ کە ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە ئاگرەکە بە شێوەیەکی کتوپڕ و لە کەناراوەکانی پێریستێریا و سێلینیا تەشەنەی دەسەند.
جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە، 9 کەسیش بریندار بوون کە بە مەبەستی چارەسەرکردن بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
دوورگەی سەلەمیس کەوتووەتە رۆژئاوای ئەسینا و نزیکەی 37,000 دانیشتووی هەیە کە بەشێکی بەرچاویان بەساڵاچوون.
حکومەت هەوڵەکانی خستوەتە گەڕ بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. بۆ ئەو مەبەستەش، 200 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە نزیکەی 50 ئۆتۆمبێلی تایبەت، 6 فڕۆکە و 7 هێلیکۆپتەر نێردراونەتە ناوچەکە.
پاسەوانیی کەناراوەکانی یۆنانیش 7 بەلەم و ژمارەیەک کەشتی بۆ گواستنەوەی خەڵک لە رێگەی دەریاوە تەرخان کردووە.
کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی یۆنان
دوای ئەوەی یۆنان لە سەرەتای هاویندا تاوەکو رادەیەک لەو شەپۆلە گەرمایەی ئەورووپای گرتبووەوە رزگاری بوو، لە کۆتایی مانگی تەممووزەوە چەندین ئاگر وڵاتەکەیان گرتوەتەوە.
دۆخەکە بە جۆرێکە تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 34 ئاگر لە ناوچە جیاوازەکانی یۆنان کەوتوونەتەوە.
لە کۆتایی تەمموزەوە 5 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان فڕۆکەوانێکی دانیمارکی بوو. ئەو فڕۆکەوانە لە پێکدادانی دوو هێلیکۆپتەری جۆری بێڵ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرێکی نزیک ئەسینا لە سەرەتای ئەم مانگەدا گیانی لەدەستدا.
ئەم هاوینە ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانی بەشی زۆری وڵاتانی ئەورووپای گرتوەتەوە و لە ئەنجامدا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە.



