ئەم کۆمپانیایە کێیە؟
کۆمپانیایەکی نوێ بە ناوی پەراسما (Parasma) لە شاری سان فرانسیسکۆ دامەزراوە، کە تێکەڵەیەک لە بایۆلۆجیا و تەکنەلۆجیا بەکاردەهێنێت. خاوەنی کۆمپانیاکە ناوی (شۆن کۆڵ)ـە، کە پێشتر بەوە ناوبانگی دەرکردبوو توانیبووی وا لە خانەی مێشک بکات یارییە ڤیدیۆییەکان وەک یاریی Doom بکەن. ئێستا دەیەوێت ئەم خانانە بۆ تێگەیشتن لە زمانی مرۆڤ و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بەکاربهێنێت.
سیستەمەکە چۆن کار دەکات؟
سیستەمەکەی پەراسما زۆر جیاوازە. لەبری ئەوەی وێنە و وشەکان بداتە کۆمپیوتەر، وێنە و وشەکان دەگۆڕێت بۆ "شەپۆلی کارەبایی" و راستەوخۆ دەیدات لەو مێشکەخانانەی کە لە تاقیگەدا گەشەیان پێدراوە. پاشان چاودێریی کاردانەوەی خانەکان دەکات و کاردانەوەکانیان دیسانەوە دەگۆڕێتەوە بۆ وشە و زمان. واتە مێشکە زیندووەکە وەک پڕۆسێسەری کۆمپیوتەرەکە کار دەکات.
"مێشکی زیندوو لێرەدا پشتی چیپە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتووەکانی شکاندووە!"
ئەنجامەکان چۆن بوون؟
لە نوێترین تاقیکردنەوەکاندا، دەرکەوتووە کە مێشکە زیندووەکان زیرەکن!
- ■ کاتێک رستەیەکیان پێدراوە، بەڕێژەی 90٪ بە دروستی پێشبینییان کردووە کە وشەی داهاتوو چی دەبێت.
- ■ لە تاقیکردنەوەیەکی ئاڵۆزتردا، مێشکەخانەکان توانیویانە بە رێژەی 78.1٪ سەرکەوتوو بن، لە کاتێکدا باشترین چیپە ئەلیکترۆنییەکان تەنیا توانیویانە رێژەی 75٪ بەدەستبهێنن.
ئەمە لەپای چی؟
مەبەستی سەرەکی لەم کارە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەیە. ئێستا ژیریی دەستکرد پێویستی بە چیپی یەکجار گرانبەها و کارەبایەکی زۆر هەیە، بەڵام مێشکی مرۆڤ بە کەمترین وزە، قورسترین کار دەکات.
خاوەنی کۆمپانیاکە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم شانە مێشکییانە دەتوانن زۆر بەخێرایی و بە کەمترین کارەبا، ئاڵۆزترین سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد بەڕێوەببەن.

