رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا ئەو 60 رۆژەی بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دیاریکرابوو کۆتایی هات، هێشتا هیچ هەواڵێک لەسەر درێژکردنەوەی ماوەکە یان گەیشتن بە رێککەوتن نییە. لێرەدا گرنگترین پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی ئێران دەخەینەڕوو:
ترەمپ: ئەگەر عومان ببێتە رێگر، بۆردوومانی دەکەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری فۆکس نیوز، بە تووڕەیی و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو گوتی، ئەگەر عومان ببێتە رێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ئەمریکا، ئەوا "بۆردوومانی دەکەین."
ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ هەڕەشە لە عومان بکات؛ مانگی ئایاری رابردووش گوتبووی کە دەبێت عومان وەک هەمووان رەفتار بکات "ئەگەرنا لەنێویان دەبەین".
ترەمپ هەروەها گوتی، کۆتاییهاتنی وادەی 60 رۆژەکە هیچ گرنگییەکی نییە و هیچ کاتێکی دیاریکراویشیان نییە. باسی لەوەش کرد کە ئەمریکا کەناڵێکی نهێنیی هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران کە پێشتر ئەکسیۆس ئاشکرای کردبوو، مەبەست لێی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستپێکردنەوەی دانوستاندن دەکات و دەڵێت، هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەکە نییە، هەروەها داوای کەمکردنەوەی ئەو شەڕە قسە و هەڕەشانە دەکات کە لەم رۆژانەدا دەبیسترێن.
رێککەوتنی ئێران و عومان لەسەر هورمز
ئێران رایگەیاندووە، لەگەڵ عومان گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر چۆنیەتیی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی راگەیێندراوێکی هاوبەشن.
بەپێی زانیارییەکان، کەشتییەکان بۆ چوونە ژوورەوە رێڕەوێکی نزیک ئێران و بۆ چوونەدەرەوەش رێڕەوێکی نزیک عومان بەکاردەهێنن، بێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن. ئەمریکا مەرجی داناوە کە دەبێت پێش هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران، تەنگەی هورمز بەتەواوی بکرێتەوە.
دانوستاندنەکانی جارێد کوشنەر لەسەر غەززە
جارێد کوشنەر، زاوای ترەمپ، دوای کۆبوونەوەیەکی دەگمەنی دوو کاژێری لە میسر لەگەڵ خەلیل حەییە، سەرکردەی حەماس لەسەر پرسی چەکدانانی بزووتنەوەکە، رۆژی دووشەممە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە.
حەماس دەڵێت رازی بووە بە پلانە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا کە چەکدانانیش لەخۆدەگرێت و داوا دەکات ئیسرائیل ناچار بکرێت واژۆی بکات. بەڵام ئیسرائیل کە ئێستا 60٪ـی غەززەی داگیرکردووە، رەتیدەکاتەوە واژۆی بکات و دەڵێت، دەبێت پێش ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە، حەماس بەتەواوی چەک دابنێت.
هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور
حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، رایانگەیاند، لە دەریای سوور و لە نزیک تەنگەی بابولمەندەب، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک و چوار بەلەمی سەربازی کە بە گوتەی ئەوان سەر بە سعودیە بوون. حووسییەکان دەڵێن بەلەمەکانیان سووتاندووە، بەڵام سعودیە هیچ لێدوانێکی نەداوە.


