رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا راپۆرتەکان
باس لەوە دەکەن بەهۆی شەڕی ئێرانەوە چەک لە کۆگانی ئەمریکا کەم بووەتەوە، پێنتاگۆن
گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیای رەیسیۆن واژۆ کرد.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا راگەیاند، گرێبەستێکی
بە بڕی 22.9 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای رەیسیۆن (Raytheon) واژۆ کردووە بۆ کڕینی مووشەکی تۆماهۆک.
هونگ کاو، سەرپەرشتیاری
کاروباری هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم گرێبەستە "بە شێوەیەکی بێپێشینە
پرۆسەی رادەستکردنی مووشەکی تۆماهۆک بۆ جەنگاوەرەکانمان خێراتر دەکات."
کاو لە راگەیێندراوێکدا
گوتی: "گرنگترین شت ئەوەیە دڵنیابین لەوەی کە هێزە دەریایی و هاوبەشەکانمان
ئەو هێزە کوشندەیان لەبەردەستدایە کە پێویستیانە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی و
پاراستنی نیشتمان. وەزارەتەکەمان هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکاردەهێنێت بۆ
دابینکردنی پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستامان."
مانگی رابردوو، سەنتەری
ستراتیژی و لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان (CSIS) لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرای
کرد، بەهۆی شەڕی ئێرانەوە، یەدەگی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تاد (THAAD)ـی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە.
پێش دەستپێکردنی شەڕەکە
لە کۆتایی مانگی شوباتدا، ئەمریکا خاوەنی زیاتر لە 2 هەزار و 300 مووشەکی پاتریۆت
و زیاتر لە 450 مووشەکی تاد بوو — بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی CSIS، لە
ماوەی چەند مانگی شەڕەکەدا، ئەو ژمارەیە بۆ نیوە زیاتر کەمیکردووە.
سەرەتای ئەم مانگە،
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە کە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا، دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا، داوای روونکردنەوەی لە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری کردووە سەبارەت
بە پرسی کەمبوونەوەی تەقەمەنییەکان. بەڵام دواتر هەریەک لە ترەمپ و هێگسەس رەتیانکردەوە
ئەمریکا رووبەڕووی کێشەی کەمبوونەوەی مووشەک بووبێتەوە.
مووشەکەکانی تۆماهۆک بەگشتی لە ژێردەریایی و کەشتییە جەنگییەکانەوە
هەڵدەدرێن و دەتوانن مەودای زیاتر لە هەزار و 600 کیلۆمەتر ببڕن و ئامانجەکانیان
بپێکن.


