رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن و پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کرد. ئەردۆغان جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران کردەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کە شەوی رابردوو کراوە، هیوای خواستووە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بەردەوام بن و ئامادەیی تورکیاشی بۆ پشتگیریکردنی هەر هەوڵێکی ئاشتی لەو چوارچێوەیەدا دەربڕیوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ئەردۆغان تیشکی خستووەتە سەر "رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە" کە لە نێوان تورکیا، پاکستان و سعودیە واژۆ کراوە. سەرۆککۆماری تورکیا ئەو رێککەوتنەی وەک هەنگاوێکی بەهێز بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا لە قەڵەم داوە.
سەبارەت بە دۆخی فەلەستین، ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی نیشان داوە کە لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ چوونە قۆناخی دووەمی ئاشتیی غەززە بەردەوامن، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان زیادی کردووە. جەختیشی کردووەتەوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئاشتیی بەردەوام و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی چووەتە قۆناخێکی نوێی دیپلۆماسییەوە. هەردوولا هەوڵ دەدەن دەربارەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، جەنگی غەززە و هاوبەشییە سەربازییە هەرێمییەکان هاوئاهەنگییەکانیان زیاتر بکەن. تورکیاش هەوڵ دەدات وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە قەیرانە ناوچەییەکاندا رۆڵ ببینێت تاوەکو بەرژەوەندییە ئابووری و جیوپۆلیتیکییەکانی بپارێزێت.


