رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 18ی ئاب، دەنگدەران لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکانی پارتی کۆماری و دیموکراتەکان بۆ پۆستەکانی حاکمی ویلایەتەکە و کۆنگرێسی ئەمریکا. ئەم هەڵبژاردنە بەراییە گرنگە، چونکە نیشانی دەدات ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەماوەرەکەی لەو ویلایەتە لە چ ئاستێکدایە و ئایا دیموکراتەکان دەتوانن رکابەری بکەن یان نا.
کێ دەیەوێت ببێتە حاکمی فلۆریدا؟
رۆن دێسانتیس، حاکمی ئێستای فلۆریدا، ماوەی یاسایی تەواو بووە و بۆی نییە جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکات. بۆیە ئێستا کێبڕکێیەکی گەرم لەسەر شوێنەکەی هەیە:
• بایڕۆن دۆناڵدز (کۆماری): نوێنەرێکی رەشپێستە و ترەمپ بەتەواوی پاڵپشتیی دەکات. ئەگەر سەربکەوێت، دەبێتە یەکەمین حاکمی رەشپێست لە مێژووی فلۆریدادا. ئەو بەڵێنی داوە باج کەمبکاتەوە و نرخی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی هەرزان بکات.
• دەیڤید جۆلی (دیموکرات): بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکانە، بەڵام جێگەی سەرنجە کە ئەم پیاوە پار لە پارتی کۆمارییەوە وازی هێنا و چووە پاڵ دیموکراتەکان. دەیەوێت بیسەلمێنێت کە دەتوانێت دەنگی دیموکراتەکانیش بەدەستبهێنێت.
کێبڕکێ بۆ ئەنجوومەنی پیران
کاتێک مارکۆ رووبیۆ، سیناتۆری فلۆریدا بووە وەزیری دەرەوەی ترەمپ، شوێنەکەی لە ئەنجوومەنی پیران بەتاڵ بوو. ئێستا دوو بەربژێری دیموکراتەکان شەڕی بەدەستهێنانی ئەو کورسییە دەکەن:
1. ئەنجی نیکسۆن: ژنێکی چەپڕۆ و پێشکەوتنخوازە.
2. ئەلێکس ڤیندمان: ئەفسەرێکی پێشووی سوپایە کە پێشتر لە ساڵی 2019ـدا لە دژی ترەمپ شایەتیی دا (کە دواتر ترەمپیش لە کارەکەی دەریكرد).
لەلایەکی دیکەوە، ئاشلی موودی کە ئێستا بە وەکالەت لەو شوێنەیە، بە پاڵپشتیی ترەمپ نزیکە لەوەی ببێتە بەربژێری کۆتایی کۆمارییەکان.
کێشەی نوێنەرە دێرینەکە
دێبی واسێرمان شولتز، کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لەسەر پشكی دیموکراتەکان و ژنێکی سپیپێستە، بەهۆی گۆڕینی نەخشەی هەڵبژاردنەکانەوە کەوتووەتە ناوچەیەک کە زۆرینەیان رەشپێستن. ئەو دەیەوێت بۆ 12ـەمین جار دەربچێتەوە، بەڵام 4 بەربژێری رەشپێست رکابەریی دەکەن و دەڵێن دەبێت نوێنەری ئەم ناوچەیە رەشپێست بێت. یەکێک لە بەربژێرەکان ناوی شەیلا چێرفیلوس-مەککۆرمیکـە، کە پێشتر پەرلەمانتار بووە، بەڵام بەهۆی تۆمەتی دزینی 5 ملیۆن دۆلاری هاوکارییەکان، ناچار بوو دەستلەکاربکێشێتەوە، ئێستاش دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو سیاسەت.
بۆچی ئەم هەڵبژاردنە بۆ داهاتوو گرنگە؟
لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەی دەنگدەرانی کۆماری لە فلۆریدا زیاتر بووە لە دیموکراتەکان و ترەمپ ویلایەتەکەی کۆنترۆڵ کردووە (بەتایبەت لە شاری مەیامی). بەڵام رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگدانی رۆژی سێشەممەدا دەریدەخات کە ئایا دیموکراتەکان هێشتا دەتوانن رکابەری بکەن، یان کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی گشتیی مانگی تشرینی دووەمدا بە ئاسانی سەردەکەون.


