رووداو دیجیتاڵ
میدیای حووسییەکان دەڵێ، ئەو هێزە سەربازییە پاڵاوگەیەکی نەوتییان لە کەناراوەکانی دەریای سوور لە باشووری سعودیە کردوەتە ئامانج. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو هێزە دوای راگەیاندنی گەمارۆی دەریایی، هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاد کردووە.
یەمەن کە زیاتر لە دە ساڵە لەنێو شەڕی نێوخۆییدایە، لە مانگی تەممووزەوە چووەتەوە دۆخی جەنگەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حووسییەکان ئاگربەستەکەی ساڵی 2022ـیان لەگەڵ حکومەتی یەمەن (کە سعودیە پاڵپشتی دەکات) هەڵوەشاندەوە و دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و نێو خاکی سعودیە کرد.
ئاژانسی هەواڵی (سەبا)ـی سەر بە حووسییەکان، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاوی کردەوە، حووسییەکان "بە چەندین درۆن پاڵاوگەی ئارامکۆیان لە جازان کردە ئامانج... ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی ئاسمانی پارێزگاکانی سەعدە و حەجە" لە یەمەن.
رۆژی 13ـی مانگی رابردوو، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە سەنعای پایتەختی یەمەن، زنجیرەیەک هێرش لەنێوان هەردوولادا ئەنجام دران. دواتر حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعودیەدا راگەیاند، کە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەک دەکات کە لە ماوەی شەڕەکەدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانی بۆردوومان دەکرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە "بە زۆر نیگەرانە" لەو هێرشانە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەم جۆرە هێرشانە مەترسیی ئەوەیان هەیە یەمەن زیاتر بخەنە نێو ململانێیە ناوچەییەکانەوە، لە کاتێکدا ناوچەکە خۆی لەژێر گوشارێکی زۆردایە و جووڵەی بازرگانی و وزە تووشی گرفت بووە."
لەوکاتەوەی گەڕی نوێی شەڕەکان دەستی پێ کردووە، حووسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودیە لە دەریای سوور و هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی حکومەتی یەمەن. هەروەها چەندین جار ژێرخانی نەوتی و فڕۆکەخانەکانی سعودیەیان کردووەتە ئامانج.



