رووداو - دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان
ناڕاستەوخۆ رەخنە لە دەستپێشخەریی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی لیبیا دەگرێت و ئاماژە
بەوە دەکات کە دروستکردنی رێڕەوی هاوتەریب دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی کات، لە کاتێکدا ئەمریکا
جەخت لەسەر سەرکەوتنی هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی سوپای ئەو وڵاتە دەکاتەوە
گەورەترین گرفتی
سیاستەمدارانی لیبیا تەنیا وشەی سەر کاغەز نییە، بەڵکو وڵاتەکەیان کە خاوەنی دەریایەک
نەوتە و گەورەترین یەدەگی نەوتی لە ئەفریقادا هەیە، خەڵکە ئاساییەکەی بوونەتە قوربانیی
ململانێی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی
ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیسا بێک، پسپۆڕی کاروباری لیبیا ڕایگەیاند کە ژیان لە
لیبیا لە ناوەڕاستی هاویندا بەبێ کارەبا و ئاو بەڕێوەدەچێت و خەڵک لە رێزی سووتەمەنیدا
دەوەستن، لە کاتێکدا وڵاتەکەیان بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت و غازە
زیاتر لە ساڵێکە
نەتەوە یەکگرتووەکان رێگەچارەیەکی خستووەتە بەردەم لیبییەکان، بەڵام ئەمریکا لە دەرەوەی
ئەو رێکخراوە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەدات. لەو باریەیەوە، هانا تێتێ، نوێنەری
تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا، بێ ئەوەی ناوی واشنتن بهێنێت رەخنەی گرت و وتی: "دروستکردنی رێڕەوی هاوتەریب و دەستپێشخەرییەکان دەکرێت ببنە
هۆی رەخساندنی دەرفەت بۆ بەفیڕۆدانی کات، پێمان وایە نابێت پاڵپشتی ئەوە بکەین."
لە بەرامبەردا،
جێنیفەر لۆسێتا، نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ناڕاستەوخۆ وەڵامی دایەوە و
دەستکەوتەکانی واشنتنی ریز کرد و رایگەیاند کە لە مانگی تەمموزدا بەرپرسانی باڵای هەردوو
ئیدارەی لیبیایان لە ماڵتا کۆکردووەتەوە و لە سەرەتای هاوینیشدا شاندێکی کۆنگرێس سەردانی
لیبیای کردووە، کە تێیدا سەرکردە سەربازییەکانی لیبیا پابەندبوون بە سێ هەنگاوی مێژوویی
بەرەو یەکخستنەوەی سەربازی
پەیوەست بەم بابەتە،
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی
رووداودا رایگەیاند: "دەبێت لە ئەمریکا بپرسن پێشنیازەکەیان چییە. ئاشکرایە کە
خاتوو تێتێ لەگەڵ هەموو لایەنە سەرەکییەکان لە پەیوەندیدایە، لە نێویشیاندا ویلایەتە
یەکگرتووەکان." لەلایەکی دیکەوە، تاهیر السونی،
باڵیۆزی لیبیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە قەیرانی وڵاتەکەی بۆ شەڕی
بەوەکالەت و ئەجێندای دیاریکراو بەکارهێنراوە و داوای هاوبەشییەکی نێودەوڵەتیی ئەرێنی
کرد
لە ساڵی 2011 و
لە دوای راپەڕینی بەهاری عەرەبی، کۆتایی بە 42 ساڵ دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی هات و کوژرا،
بەڵام زیاتر لە دە ساڵە شەڕی ناوخۆ یەخەی ئەو وڵاتەی گرتووە کە زیاتر لە 90%ی دانیشتوانەکەی
موسڵمانی سوونەن


