رووداو دیجیتاڵ
کیم یۆ جۆنگ، خوشکی بەهێزی رێبەری کۆریای باکوور رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە ئەو بێئاگایە لە هەر پەیوەندییەک لەنێوان کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپدا. ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو پەیوەندییەکی "ناوازە" لە نێوانیاندا هەیە.
ئەم گوتانەی کیم یۆ جۆنگ تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە واشنتن و سیئۆل رایانگەیاند، مانۆڕە سەربازییە ساڵانەییەکانیان هەفتەیەک زووتر لە کاتی دیاریکراوی خۆی کۆتایی پێ دەهێنن، ئەوەش بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی ئاستی مانۆڕەکان.
ترەمپ: کیم وەڵامی داومەتەوە
رۆژی یەکشەممە، ترەمپ رایگەیاند، داوای لە پێنتاگۆن کردووە مانۆڕە سەربازییەکانی ئولچی فریدەم کورت بکەنەوە، ئەمەش بەهۆی "پەیوەندییە باشەکەی" لەگەڵ کیم جۆنگ ئون. کاتێکیش رۆژی دووشەممە پرسیاری لێکرا ئایا رێبەری کۆریای باکوور وەڵامی داواکارییەکەی بۆ گفتوگۆ داوەتەوە، ترەمپ گوتی: "بەڵێ، وەڵامی داوەتەوە."
بەڵام کیم یۆ جۆنگ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەبارەت بە هەواڵەکانی واشنتن دەربارەی پەیوەندیی نێوان رێبەرانی کۆریای باکوور و ویلایەتە یەکگرتووەکان، من بە تەواوی بێئاگام." گوتیشی لەوانەیە ئەمە تەنیا بابەت بێت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کە ئەو ئاگاداری نەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە براکەی هێشتا "هەست و بۆچوونی باشی" بۆ ترەمپ هەیە.
کورتکردنەوەی مانۆڕە سەربازییەکان
سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، مانۆڕەکان رۆژی هەینی کۆتاییان دێت، نەک لە 27ی ئاب وەک ئەوەی پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو. ئەم بڕیارە لەسەر "پێشنیازی لایەنی ئەمریکی" بووە. پێنتاگۆنیش رایگەیاندووە کەمکردنەوەی ئاستی مانۆڕەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئامادەباشی و ئامانجەکانی مەشق و راهێنانی سوپای ئەمریکا نابێت.
ئەم مانۆڕانە کە ئامانجیان ئامادەکارییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئەگەریی کۆریای باکوور، لە دوو قۆناخ پێکدەهاتن؛ قۆناخی دووەمیان کە بڕیار بوو لە 24 بۆ 27ی ئاب بۆ راهێنان لەسەر "هێرشی پێچەوانە" بکرێت، بە تەواوی هەڵوەشێندرایەوە.
خوشکی رێبەری کۆریای باکوور ئەم هەنگاوەی بە "بێبایەخ" وەسف کرد و گوتی کەمکردنەوەی ماوەکەی هیچ لە ناوەڕۆکە "دنەدان و شەڕانگێزییەکەی" ناگۆڕێت.
هەوڵ بۆ کۆبوونەوەیەکی نوێ
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، دۆناڵد ترەمپ گوشار دەخاتە سەر یاریدەدەرەکانی تاوەکو لەم پاییزەدا و بەرلە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کیم جۆنگ ئون رێکبخەن.
شارەزایان پێیانوایە ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی ئەم کۆبوونەوەیەوە دەستکەوتێکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەدا بۆ خۆی تۆمار بکات. پارک وۆن گۆن، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئیوا دەڵێت: "راگرتن یان کەمکردنەوەی مانۆڕە سەربازییەکان هەمیشە مەرجی سەرەکیی کۆریای باکوور بووە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ ئەمریکا."
دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا سێ جار لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆبووەوە، بەڵام لە خولی دووەمیدا تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوانیاندا نەکراوە. ئێستا ئەمریکا نزیکەی 28 هەزار و 500 سەربازی لە کۆریای باشوور جێگیر کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.


