رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵمەتێکی نوێ و بەرفراوانی ئابووری دژی ئێران دەستپێدەکەن و هەڕەشەی سزای "زۆر قورس"یشی لە هەر وڵاتێک کرد کە یارمەتیی تاران بدات یان بازرگانیی لەگەڵدا بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، "ئەمڕۆ من تووندترین و کوشندەترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری رادەگەیێنم کە تاوەکو ئێستا دژی هەر وڵاتێک گیرابێتەبەر؛ ئەمە دەبێتە جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرکردنێک کە پێشتر وێنەی نەبووە."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە هەموو وڵاتان و گوتی، "هەر وڵاتێک رێگە بە دامەزراوە داراییەکان، بازرگانییەکان، فڕۆکەخانەکان یان دامەزراوە حکومییەکانی بدات هەر جۆرە دەستگیرۆییەک [یان هێڵێکی رزگارکردن] بۆ ئێران دابین بکەن، خۆی رووبەڕووی لێکەوتە ئابوورییە زۆر قورسەکان دەبێتەوە."
ترەمپ لیستێکی لەو چالاکییانە بڵاوکردەوە کە دەبێت دەستبەجێ رابگیرێن، لەوانە، "قاچاخی نەوت، گواستنەوەی پارەی نەختینە، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، تۆمارکردنی کەشتییەکان و کۆمپانیا سێبەرەکان."
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ماوەی چەند مانگێکە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکەوە بە ناوی (تووڕەیی ئابووری)، هەوڵی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئێران دەدات. رۆژی 14ـی ئەم مانگە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "ئەمە تێکەڵەیەک دەبێت لە گۆشەگیرکردنی ئابووری کە جیهان پێشتر وێنەی نەدیوە."
ئەم بڕیارە نوێیانەی واشنتن دوای ئەوە دێن کە ئیمارات رایگەیاند، هەموو مامەڵە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران رادەگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی بە دوو مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هاوپەیمانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بوەستن بۆ گۆشەگیرکردن و تێکشکاندنی هەڕەشەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، هەروەها دووپاتی کردەوە کە "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە و بەرەو شەشەمین مانگی دەچێت. بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاران، تەنگەی هورموز بە شێوەیەکی بەرچاو داخراوە. هەرچەندە ترەمپ دەڵێت "کەشتییەکان خەریکە دەرباز دەبن"، بەڵام راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قەبارەی گواستنەوەی نەوت بۆ نیوەی پێش جەنگ دابەزیوە.


