رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی فیدراڵیی ئەمریکا ژنێکی تەمەن 35 ساڵیان لە شاری (ئەلبانی) سەر بە ویلایەتی نیویۆرک دەستگیرکرد، ئەوەش بە تۆمەتی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ویلایەتەکە.
پێنج شەممە 20ی ئابی 2026 دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا ( ئێف بی ئای) رایگەیاند، ژنێکی تەمەن 35 ساڵی لە شاری (ئەلبانی) سەر بە ویلایەتی نیویۆرک بە تۆمەتی هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ویلایەتەکە دەستگیر کردووە.
تۆمەتبارەکە ناوی جێسیکا بۆوییە و دوای موسوڵمانیبوونی لە ساڵی 2021 ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ عائیشە سەیف و کەوتووەتە ژێر کاریگەری رێکخراوی داعش و کاری لەگەڵ کردوون.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگە، ئەو ژنە بۆ چەند هەفتەیەک چاودێریی باڵەخانەی ئەنجوومەنەکانی کردووە و کەرەستەی بۆ دروستکردنی بۆمب کڕیوە و بەنیازبووە بۆمبەکە لەنێو پاکێجی دابەشکردنی خواردن دا بشارێتەوە تاوەکو لە کاتی کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکاندا بیتەقێنێتەوە.
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە پرۆسەی ئاشکراکردنەکە لەرێگەی پەیوەندیکردنی بۆوی بووە لەگەڵ سەرچاوەیەکی نهێنیی (ئێف بی ئای)کە خۆی وەک ئەندامێکی داعش ناساندووە.
ئەو ژنە لە کۆتایی تەممووز و سەرەتای ئابی 2026 چەندین جار سەردانی دەوروبەری باڵەخانەکەی کردووە بۆ چاودێریکردنی رێکارە ئەمنییەکان و وێنەگرتنی ناوچەکە، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پلانەکەی لەلایەن هێزە فیدراڵییەکانەوە دەستگیرکرا.

جێسیکا بۆوی کێیە؟
بۆوی ژنێکی ئەمریکی سپی پێستە و لە ویلایەتی نیویۆرک لەدایکبووە.
بۆوی نزیکەی پێنج ساڵ پێش ئێستا بووەتە موسڵمان و پێشتر کریستیان بووە.
بۆوی دوای موسوڵمانبوونی چەندین پۆستی دژە ئەمریکای کردووە، هەربۆیە لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی خراوەتە ژێر چاودێری چڕەوە و دەزگاکە چەند ئەندامێکی خۆی ناردووە کە خۆیان وەکو ئەندامی داعش ناساندووە تاوەکو لێی نزیک ببنەوە و لێکۆڵینەوەی لێ بکەن.
