رووداو دیجیتاڵ
بەهێزترین دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەنجوومەنی ئاسایشە، رۆژی هەینی کۆدەبێتەوە بۆ دووەم دەنگدانی تاقیکاری بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی پشتگیرییەکان بۆ ئەو بەربژێرانەی کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە.
لە یەکەم دەنگدانی نافەرمی کە مانگی رابردوو کرا، ریبێکا گرینسپان لە کۆستاریکا وەک بەربژێری پێشەنگ دەرکەوت. چەندین کەسایەتی دیکەش وەک رافایل گڕۆسی، سەرۆکی ئێستای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، میشێل باچێلێت لە چیلی، ماریا فێرناندا لە ئیکوادۆر و چەندین بەربژێری دیکە لە گوایانا، ئۆگاندا و سەنیگال رکابەری دەکەن.
ئیڤۆن باکی لە ئیکوادۆر بەم دواییانە هاتە ناو کێبڕکێکە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، کە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لە 31ی کانوونی یەکەمی 2026 کۆتایی دێت.
دانیال فۆڕتی، شارەزا لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "ئەگەر دەنگدانی یەکەم تەنیا نیشاندانی دیمەنەکە بووبێت، ئەوا دەنگدانی دووەم ئاراستەی یەکلابوونەوەی پۆستەکەمان پێ دەڵێت."
دیپلۆماتکاران پێشبینی گۆڕانکاری لە دابەشبوونی دەنگەکان دەکەن و چاوەڕێ دەکرێت بزانرێت ئایا بەربژێرە پێشەنگەکان پێگەی خۆیان بەهێز دەکەن یان پاشەکشە دەکەن.
ڤاسیلی نیبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بەربژێرەکانی ئێستا نەگەنە ئەنجام و بنبەست دروست ببێت، ئەوا دوور نییە بەربژێری نوێ بێنە پێشەوە.
میکانیزمی دەنگدان و مافی ڤیتۆ
پڕۆسەی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی ئاڵۆزە؛ بەربژێرەکە پێویستی بە نۆ دەنگی بەڵێ هەیە لە کۆی 15 دەنگی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەو مەرجەی هیچ کام لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە (ئەمریکا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا و فەرەنسا) مافی ڤیتۆ بەکارنەهێنن.
لە دەنگدانە تاقیکارییەکاندا، وڵاتان بە یەکێک لە سێ بژاردە دەنگ دەدەن: "هاندان"، "ساردکردنەوە" یان "بێ بۆچوون". ئەمە دەرفەت دەداتە ئەو بەربژێرەی پشتگیرییان کەمە تاوەکو بە شێوەیەکی شەڕەفمەندانە لە کێبڕکێکە بکشێنەوە. لە قۆناخە تووندەکانی کۆتاییدا، رەنگی وەرەقەی دەنگدانی ئەو پێنج وڵاتەی مافی ڤیتۆیان هەیە دەگۆڕدرێت تاوەکو بزانرێت ئایا هیچ کام لەوان دژی بەربژێرێکی دیاریکراون یان نا.
بەپێی نەریتێکی نافەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پۆستی سکرتێری گشتی بەپێی ناوچە جوگرافییەکانی جیهان دەگۆڕدرێت. بۆ ئەم خولە، وا چاوەڕوان دەکرێت پۆستەکە بەر بەربژێرێکی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بکەوێت، هەربۆیە زۆربەی بەربژێرە بەهێزەکانی ناو لیستەکە خەڵکی ئەو ناوچەیەن.

