رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی دڵتەزێن لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ویلایەتی ئەندرە پرادیش لە هیندستان کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە، دوای ئەوەی مامۆستایەک زلـلەیەکی لە قوتابییەکی شەش ساڵان بە ناوی پرانای تێجادا و قوتابییەکە کەوتە سەر زەوی و گیانی لەدەستدا.
میدیای هیندستان بڵاویکردەوە، مامۆستایەکی قوتابخانەی لیتڵ گاردن بە ناوی ئانورادها، بەهۆی ئەوەی قوتابییەکە ئەرکی ماڵەوەی جێبەجێ نەکردبوو، لۆمەی کردووە و زلـلەیەکی لێ داوە. کامێراکانی چاودێریی ناو پۆلەکە کاتی زلـلەکە نیشان دەدەن و دەردەکەوێت تەنیا چەند چرکەیەک دوای لێدانەکە، منداڵەکە لە جووڵە دەکەوێت.
هەرچەندە مامۆستاکانی دیکەی قوتابخانەکە هەوڵی رزگارکردنیان داوە و بەپەلە گەیاندوویانەتە نەخۆشخانەی کینگ جۆرج، بەڵام پزیشکەکان رایانگەیاندووە، پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
گومانی سەرەکی ئەوەیە، قوتابییەکە بەهۆی ترس و شۆکی زۆرەوە تووشی جەڵتەی دڵ بووبێت، بەڵام پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا قوتابییەکە پێشتر هیچ نەخۆشییەکی هەبووە یان نا و چاوەڕێی ئەنجامی توێکاری تەرمەکەن.
دوای بینینی ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری، دایک و باوک و کەسوکاری پرانای لەبەردەم قوتابخانەکە و نەخۆشخانە گردبوونەوە و داوای دادپەروەری و سزادانی مامۆستاکە و کارگێڕیی قوتابخانەکەیان کرد. لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە فەرمی دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و مامۆستاکەشیان دەستگیرکردووە.
بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی هیندستان، لێدان لە قوتابییان لەلایەن مامۆستا و کارگێڕیی قوتابخانەکانەوە قەدەخەیە.
