رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رووسیا، رەخنەی تووندیان لە ئانالینا بێربۆک، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و تۆمەتباریان کرد بەوەی دەست لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی داهاتووی رێکخراوەکە وەردەدات.
رۆژی چوارشەممە، 19-08-2026، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، جێنیفەر لۆسێتا، نوێنەری ئەمریکا، هێرشێکی تووندی کردە سەر خاتوو بێربۆک و رایگەیاند: "سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی بەردەوامە لەو رەوتەی سەرکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە خۆیان بە ئەستێرەی دیپلۆماسی دەزانن لەجیاتیی بەرپرسی باڵای کارگێڕی."
ناکۆکییەکە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکانە. مانگی رابردوو، کۆمەڵەی گشتی بە سەرپەرشتیی خاتوو بێربۆک کۆبوونەوەیەکی کراوەی بۆ بەربژێرەکان رێکخست تاوەکو وەڵامی پرسیاری نوێنەری وڵاتان بدەنەوە. دوای کۆبوونەوەکە، بۆ یەکەمجار راپرسییەکی نافەرمی لەنێو ئامادەبوواندا کرا لەسەر ئەوەی کام بەربژێر باشترین ئاستی پێشانداوە، کە تێیدا کارۆلین رۆدریگێز بێرکێتی گیانا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی سیستەمی ئێستای هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی لێکدرایەوە، کە بە شێوەیەکی نەریتی 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەتایبەتی پێنج وڵاتە خاوەن ڤیتۆکە، لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەمریکا دژی گۆڕینی ئەو سیستەمەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 20-08-2026، رووسیاش وەک وڵاتێکی دیکەی خاوەن ڤیتۆ، چووە پاڵ ئەمریکا و دژایەتیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی خاتوو بێربۆکی راگەیاند.
ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە ئایا هاوڕایە لەگەڵ رەخنەکانی ئەمریکا، گوتی: "هاوڕام لەگەڵ ئەوەی هاوکارە ئەمریکییەکەم دوێنێ گوتی. نیگەران بووین لەو رۆڵەی کە سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی هەوڵی دەدا بەسەر خۆیدا بیسەپێنێت و دەستوەردان بکات لە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێری سکرتێری گشتی."
نێبێنزیا، بەرگری لە نهێنیبوونی پرۆسەکە کرد و گوتی: "پێویستە بزانیت ئەمە ئەو شوێنە نییە کە پێویستت بە شەفافیەت بێت؛ ئەمە پرۆسەیەکی زۆر هەستیارە. ئەگەر ئێستا بە شەفافی بڵێیت کێ پشتگیریی کێ دەکات، رەنگە زیان بە شانسی هەندێک لە بەربژێرەکان بگەیەنیت. بۆیە دەبێت پرۆسەکە بە وریایی و نهێنی بێت، وەک چۆن هەمیشە لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وابووە."
لە بەرامبەردا، نووسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی خۆی بۆ خاتوو بێربۆک دووپاتکردەوە.
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی، بە رووداوی راگەیاند: "سکرتێری گشتی رێزێکی زۆری بۆ ئەم سەرۆکەی کۆمەڵەی گشتی هەیە. ئەو زۆر لە نزیکەوە لەگەڵیدا کاری کردووە... زۆر دڵخۆشە بەو هاوکارییەی کە لەگەڵیدا هەیەتی."
خاتوو بێربۆک، کە تەنیا نزیکەی سێ هەفتەی لە پۆستەکەیدا ماوە، تاوەکو ئێستا جگە لە رووسیا و ئەمریکا، هیچ ئەندامێکی دیکەی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش بە ئاشکرا رەخنەی لە کارەکانی نەگرتووە.
