رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سوێد دەڵێن پۆلیس کەسێکی دەستگیر کردووە، کە بە شمشێرەوە هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شاری فاگێرستا لە ناوەڕاستی وڵاتەکە و بەو هۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون.
رۆژی هەینی 21-08-2026، پۆلیسی سوێد لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان دەستبەجێ وەڵامی رووداوەکەیان داوەتەوە و توانیویانە یەک کەس دەستگیر بکەن.
هەرچەندە پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە "چەندین کەس" لەم هێرشەدا بریندار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی وورد و فەرمی لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان بڵاونەکراوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: "هێزەکانمان بە هەموو تواناکانیانەوە لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن لە کارکردن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین رێز لە بەربەستە ئەمنییەکان بگرن و بە تەواوی گوێڕایەڵی رێنماییەکانی پۆلیس بن."
شارەوانیی فاگێرستا رایگەیاند، کە پۆلیس خەریکی پشکنینی ووردی ناو بینای قوتابخانەکەیە؛ هاوکات وەک رێکارێکی ئەمنی، سەرجەم قوتابخانەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە داخراون و رێگە بە چوونە ژوورەوە و دەرچوونی هیچ کەسێک نادرێت.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی سوێد رایگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەمبوڵانس، ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هێلیکۆپتەرێکی پۆلیس لە دەوروبەری قوتابخانەکەدا جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنی بارودۆخەکە و گواستنەوەی بریندارەکان.
هەڵوێستی حکومەتی سوێد
گۆنار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، کە حکومەت لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان.
وەزیری داد گوتیشی: "ئێمە لە رووداوێکی مەترسیدار لە شاری فاگێرستا ئاگادارکراوینەتەوە. پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەیە و بە چڕی کار لەسەر لێکۆڵینەوە و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە دەکات."
ئەم هێرشە کتوپڕە بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ناوچەکە و ئێستاش لێکۆڵەران خەریکی دەستنیشانکردنی پاڵنەری پشت ئەم هێرشە و ناسنامەی هێرشبەرەکەن.
شاری فاگێرستا، کە زیاتر لە 12 هەزار کەسی تێدا دەژی، 170 کیلۆمەتەر لە باکووری رۆژئاوای ستۆکۆڵمی پایتەختەوە دوورە.

