رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی مووشەکی نوێی بەرگریی ئاسمانی رادەستی ئۆکراینا دەکات؛ ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئەم دواییەی رووسیاوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی کێیڤ رووبەڕووی کەمیی تەقەمەنی بوونەتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "زۆر گرنگە هەموو ئەو ئامرازانەی پێویستن بۆ پاراستنی ئاسمان و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکان، بۆ ئۆکراینا دابین بکرێن."
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینای لە بەهێزکردنی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی و رادەستکردنی مووشەکی بەرگری ئاگادارکردووەتەوە.
هەروەها زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، کە لەگەڵ ماکرۆن باسی هەموو پرسە سەرەکییەکانیان کردووە و "لەسەرووی هەمووشیانەوە پێویستیی وڵاتەکەی بە بەرگریی ئاسمانی." زێلێنسکی گوتی: "رێککەوتین لەسەر خێراکردنی پرۆسەی رادەستکردنی نوێترین کەرەستە و مووشەکی فەرەنسی."
سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها سوپاسی ماکرۆنی کرد بۆ دووپاتکردنەوەی ئامادەیی فەرەنسا تاوەکو مۆڵەتی فەرمی بە ئۆکراینا بدات، بۆ ئەوەی لەنێو ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەست بە بەرهەمهێنانی مووشەک بکات.
کۆبوونەوەی "هاوپەیمانیی خوازیاران" لە کێیڤ
ئەم گفتوگۆ دیپلۆماسییانە بەر لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی "هاوپەیمانیی خوازیاران" دێن، کە دەستپێشخەرییەکی هاوبەشی فەرەنسا و بەریتانیایە بۆ گوشارخستنە سەر مۆسکۆ تاوەکو جەنگ رابگرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی ئەلیزێ، ئەم کۆبوونەوەیە رۆژی دووشەممە، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی سەربەخۆیی ئۆکراینا، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی ئیمانوێل ماکرۆن (لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس)، فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپاش ئاشکرایکرد، کە نزیکەی دە سەرکردەی جیهانی، لەنێویاندا ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا، بۆ بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیە دەگەنە شاری کێیڤ.



