رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق رایگەیاند، بەرزاییەکانی گۆلان خاکێکی "داگیرکراوە" و سەر بە سووریایە؛ ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی بڕیاری ئیدارەی ترەمپە کە دان بە سەروەریی ئیسرائیلدا دەنێت لەو ناوچەیەدا.
تۆم باراک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماریۆ نەوفەل، چالاکڤانی سۆشیاڵ میدیا گوتی: "ئەوان (ئیسرائیل) هێشتا گۆلانیان داگیر کردووە، ئەوەش بە پێچەوانەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە دەڵێن گۆلان هی سووریایە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019دا بڕیارێکی واژۆ کرد و تێیدا دانی نا بەوەی ئەو بەرزاییە ستراتیژییانە بەشێکن لە خاکی ئیسرائیل.
گومان لە هێرشەکەی سووریا دەکرێت
سەبارەت بە هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوهور لە سووریا، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا گوتی، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی ئیسرائیل پشتی پێ بەستوون "هەڵە بوون".
باراک ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئیسرائیل زانیارییەکانی لەگەڵ واشنتن بەش کردووە، ئەوان لێکۆڵینەوەیان کردووە و دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ هێزێکی تورکیا نیازی جێگیربوونی لەو فڕۆکەخانەیەدا نەبووە.
باڵیۆزی ئەمریکا ئەگەرێکی دیکەی بۆ هێرشەکە خستە ڕوو و گوتی، رەنگە ئیسرائیل بەم هێرشە ویستبێتی تورکیا رابکێشێتە ناو شەڕێکەوە، ئەوەش بۆ مەبەستی سیاسی و بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئیسرائیلدا، کە بنیامین نەتەنیاهوو کێبڕکێی تێدا دەکات.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە تووندی لێدوانەکانی تۆم باراکی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، قسەکانی ئەو باڵیۆزە پڕن لە "نادروستی". کاتز گوتی، ئیسرائیل پێشوەختە هەموو زانیارییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا بەش کردووە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی: "هەوڵی هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و میدیاکان بۆ رەنگکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە رەنگی سیاسی، لە نەزانی و نەبوونی تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت."
چارەنووسی لوبنان و ناوچەکە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تۆم باراک باسی لە دۆخی لوبنان کرد و گوتی، هەر رێککەوتنێکی جیدی لە لوبنان پێویستی بە بەشداریی ئێران و حیزبوڵڵا هەیە، چونکە بەبێ ئەوان هیچ چارەسەرێک سەرناگرێت. باراک سوپای تورکیاشی بە سوپایەکی "بەهێز و بوێر" ناوبرد و گەشەسەندنی پێگەی تورکیای لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە "شتێکی زۆر باش" ناوبرد.
فڕۆکەخانەی ئەبوو زوهر کە ئیسرائیل بۆردوومانی کرد، فڕۆکەخانەیەکی لەکارکەوتووە لە پارێزگای ئیدلب و لە ساڵی 2012ـەوە بەکارنەهاتووە. ئیسرائیل دەڵێت بۆیە بۆردوومانی کردووە تاوەکو رێگری بکات لەوەی تورکیا وەک بنکەیەکی سەربازی بەکاری بهێنێت.



