رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی چەندینجار پێشنیازی کردبوو فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبوو زوهور لە سووریا بکرێتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی پلانەکانی تورکیا بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی لەو فڕۆکەخانەیەدا.
رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، کاتز رایگەیاند، "سوپا چەندین جار پێشنیازی کرد هێرش بکرێتە سەر فڕۆکەخانەی ئەبوو زوهور لە سووریا، ئەوەش لەبەر رۆشنایی ئەو زانیارییە هەواڵگرییە روونانەی پێمان گەیشتبوون کە تورکیا نیازی هەبووە چالاکی لەوێ بکات، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست دەکات."
کاتز هەروەها دەشڵێت، دوای چەندین گفتوگۆ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سوپا، بڕیاردرا پێش هێرشەکە هۆشداریی راستەوخۆ بدەنە حکومەتی سووریا لە بەرزترین ئاستدا بۆ ئەوەی رێگری لەو هەنگاوە بکەن.
وەزیری بەرگری راشیگەیاند: "دوای ئەوەی هۆشدارییەکەمان بێ وەڵام بوو، من و نەتەنیاهوو رەزامەندیمان دا سوپا هێرشەکە بکات و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا." هەروەها ئاشکرای کرد کە پێشوەختە ئەمریکاشیان لە زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاگادار کردووەتەوە.
سەبارەت بەو تۆمەتانەی دەڵێن هێرشەکە بۆ کاریگەری دروستکردن بووە لەسەر هەڵبژاردنەکان، کاتز گوتی: "هەوڵی هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و میدیاکان بۆ رەنگکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە رەنگی سیاسی، لە نەزانی و نەبوونی تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە سەرچاوە دەگرێت و شایەنی سەرکۆنەکردنە."
کاتز وەڵامی لێدوانەکانی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکای لە تورکیا دایەوە و گوتی، قسەکانی دەربارەی بەرزاییەکانی گۆلان نادروستن و پێچەوانەی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپن.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەشت مووشەکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوهوور لە پارێزگای ئیدلب کرد. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکە رێک ئەو کاتە بووە کە شاندێکی سەربازیی تورکیا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە سەردانی شوێنەکەیان کردبوو.
لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024، ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی گۆلانەوە زیاتر بەرەو قووڵایی خاکی سووریا بردووە و بەرپرسانی تەلئەڤیڤیش دووپاتی دەکەنەوە کە دەیانەوێت "ناوچەیەکی ئەمنیی داماڵدراو لە چەک" دروست بکەن و تاوەکو ئەوە جێگیر نەبێت، لەو ناوچانە ناکشێنەوە کە کۆنترۆڵیان کردوون.



