رووداو دیجیتاڵ
ناکۆکییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەسەر پرسی وەرگرتنەوەی کۆچبەران تووندتر دەبن، ئەوەش دوای ئەوەی رۆما رایگەیاند، ئامادە نییە هیچ کۆچبەرێک لە بەرلین وەربگرێتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی رێکخراوە فریاگوزارییە ئەڵمانییەکان کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاستەوە دەگوازنەوە بۆ بەندەرەکانی ئیتاڵیا.
رۆژی شەممە، 23ـی ئابی 2026، ماتیۆ سالڤینی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و وەزیری گواستنەوە گوتی، "ئەڵمانیا مافی ئەوەی نییە تەنانەت یەک کۆچبەری نایاساییشمان بۆ رەوانە بکاتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی کەشتیی رێکخراوە ناحکومییە ئەڵمانییەکان لە دەریای نێوەڕاستدا کار دەکەن بۆ گواستنەوەی هەزاران کۆچبەر بۆ کەناراوەکانی ئیتاڵیا و ئەورووپا."
حکومەتی ئەڵمانیا لە بەرامبەردا جەختی لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا کردەوە، لەنێویاندا پەیماننامەی نوێی پەنابەری و کۆچ کە هاوینی ئەمساڵ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سیستەمی ئەورووپی بە شێوەیەکی گشتی دەڵێت، پێویستە کۆچبەر لە یەکەم وڵات کە دەگاتە نێو یەکێتییەکە داوای مافی پەنابەری بکات، ئەمەش ئیتاڵیا دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتییەکی گەورە بەهۆی زۆریی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی دەریاوە دەگەنە ئەو وڵاتە. بەڵام حکومەتی ئیتاڵیا دەڵێت، دەکرێت ئەڵمانیا وەک یەکەم وڵاتی پێشوازیکەر هەژمار بکرێت، چونکە کۆچبەرەکان لەلایەن ئەو کەشتییانەوە رزگار دەکرێن کە ئاڵای ئەڵمانیایان پێوەیە.
بەپێی ئامارەکان، رێکخراوەکانی ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 2200 کۆچبەریان گواستووەتەوە بۆ ئیتاڵیا. لە لایەکی دیکەوە، ماتیو پیانتیدۆزی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی فریاگوزاریی ئەڵمانی (سی وۆچ 5)ـی بۆ ماوەی 45 رۆژ دەرکرد و سزای 4500 یۆرۆشی بەسەر رێکخراوەکەدا سەپاند.
وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆما لە ساڵی 2023ـەوە نزیکەی 80 هەزار داواکاری وڵاتانی ئەورووپای بۆ وەرگرتنەوەی کۆچبەران رەتکردووەتەوە، بەو پاساوەی کە سیستەمی پێشوازیکردنی ئیتاڵیا هەر ئەوەندە توانایەی هەیە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە ئیتاڵیا بکرێت و حکومەتەکەی جۆرجیا میلۆنی لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر دژی کۆچبەران.



