رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە کەنەدا و گوتی، "نەفامییە" ئەگەر وابیربکەنەوە دەتوانن لە جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا سەربکەون، هەروەها پێشبینی کرد کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە بۆ سەر دراوسێکەیان "وێرانکەر" بێت.
دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و ئۆتاوا درەنگی شەوی هەینی شکستیان هێنا، ئەمەش بووە هۆی چوونە بواری جێبەجێکردنی پێناسی گومرگیی نوێی ئەمریکا بە رێژەی 50% لەسەر کەلوپەلی کەنەدی، کە بەهایان دەگاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار و 5.5%ـی کۆی هەناردەی کەنەدایە بۆ ئەمریکا.
کەنەدا لە بەرامبەردا رایگەیاند، وەڵامی ئەو پێناسە گومرگییانەی ئەمریکا دەداتەوە و لە 8ـی ئەیلوولەوە پێناسی نوێ دەخاتە سەر پیشەسازیی پۆڵا و شیرەمەنی ئەمریکی.
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا گوتی، کەنەدا لە رووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە جەنگی بازرگانیدا زیانی زیاتر بەردەکەوێت.
دەفی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "ئێمە هاوبەشی بازرگانی گەورەین، وایە؟ بەڵام کەنەدا زۆر زیاتر لەوەی ئەمریکا سوود لە کەنەدا ببینێت، سوود لە بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا وەردەگرێت. ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە بچێتە ناو جەنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و لەو جەنگەدا لە بەرامبەر ئەمریکا سەربکەوێ، بە بڕوای من نەفامییە."
دەفی پێشبینی کرد مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا "زۆر بە خێرایی" بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن، چونکە وەک گوتی "ئەم دۆخە بۆ وڵاتەکەی وێرانکەر دەبێت."
مارک کارنی رۆژی شەممە بە تووندی وەڵامی دایەوە و سەپاندنی پێناسی گومرگیی تۆڵەسێنەرەوەی بەسەر ئەمریکادا راگەیاند و گوتی: "کاتێک هێرشت دەکرێتە سەر، تۆ لە ناو جەنگدایت. هێرش کرایە سەر ئێمە."
دۆناڵد ترەمپ بەیانی رۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) وەڵامی کەنەدای دایەوە و نووسی: "کەنەدا دەیەوێت وەکو ویلایەتێکی ئەمریکا سوودمەند بێت، بەبێ ئەوەی یەکێک بێت لەوان!"
ترەمپ هەروەها گوتی: "ئەوان [کەنەدا] بۆ چەندین ساڵ باجی زۆریان خستووەتە سەر جووتیارە گەورەکانمان. ئیدی بەسە!"



