رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی نیشتمانیی تونس رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، تەرمی هەشت کۆچبەریان لە دەریا دەرهێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە نوقم بوو، تاوەکو ئێستاش شەش کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
بەلەمەکە 15 کەسی تێدابوو، شەوی هەینی لە دووریی زیاتر لە 25 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی (زارزیس) نوقم بووە و تەنیا یەک کەس رزگارکراوە.
پاسەوانی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بوونە هۆی دۆزینەوەی سێ تەرم لە دوێنێدا و پێنج تەرمی دیکەش ئەمڕۆ، بەوەش کۆی گشتیی تەرمە دۆزراوەکان گەیشتە هەشت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان بەردەوامە.
شەوی شەممە، دانیشتووانی شاری (بن قەردان) کە هاوسنوورە لەگەڵ لیبیا و 14 لە کۆچبەرەکان خەڵکی ئەو شارە بوون، خۆپێشاندانیان کرد و رێگەکانیان داخست و تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاند.
کەناراوەکانی تونس نزیکەی 145 کیلۆمەتر لە دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیاوە دوورن، ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەنە ئەورووپا.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە رێڕەوی دەریای ناوەڕاستدا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، زیاتر لە دوو ئەوەندە زیادیکردووە. بەپێی ئامارەکان، لانیکەم 914 کۆچبەر لەمساڵدا لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
ساڵی 2023 تونس رێککەوتنێکی بە بەهای 255 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا واژۆ کرد، کە نزیکەی نیوەی ئەو پارەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی تەرخانکراوە. ئامانجی رێککەوتنەکە، کە حکومەتی راستڕۆی ئیتاڵیا بە تووندی پشتگیری دەکات، بەهێزکردنی تواناکانی تونس بوو بۆ رێگری لە بەڕێکەوتنی بەلەمەکان لە کەناراوەکانییەوە.



