رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 10 هەزار کەس لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد رێپێوانێکی بەرفراوانیان دژی سیاسەتەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کرد، ئەمەش چەند هەفتەیەک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکە، کە پرسی کەشوهەوا بووەتە تەوەری سەرەکی لەلای دەنگدەران.
رۆژی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، هەزاران هاووڵاتی و چالاکڤان لە رێکخراوەکانی گەنجان، وەرزشوانان، سەندیکا و رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی رێپێوانیان کرد. رێپێوانەکە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و ئیدارەکەی بوو، ئەمەش دوای کەمکردنەوەی باجی سووتەمەنی و سستبوونی ئامانجەکانی کەمکردنەوەی گازە بەردینەییەکان.
گازە بەردینییەکان بەو گازانە دەگوترێت کە لە سووتاندنی سووتەمەنییە بەردینییەکان وەک نەوت، خەڵووز و گازی سروشتی دەردەچن و دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا. گازی کاربۆن دایۆکساید (CO₂) – باوترینیانە.
گریتا تونبێرگ، چالاکڤانی بەناوبانگی سوێدی لە کاتی بەشداریکردنی لە رێپێوانەکەدا بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی رایگەیاند: "لە سوید هیچ پارتێک نییە کە بەرنامەیەکی رامیاریی پێشنیاز بکات هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەوەی زانست داوای دەکات تاوەکو رێگە لە کارەساتی کەشوهەوا بگرین. ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بین، رووبەڕووی داڕمان دەبینەوە، هاوشێوەی ئەوەی ئێستا دەیبینین."
شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن، سیاسەتەکانی ئیدارەی ئێستای سوێد هۆکارن بۆ نەگەیشتن بە ئامانجەکانی وڵاتەکە لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن.
بەپێی ئامانجە دیاریکراوەکان، دەبوو سوید تاوەکو ساڵی 2030 ئاستی گازی کاربۆنی کەرتی گواستنەوە بە رێژەی 70% بەراورد بە ساڵی 2010 کەمبکاتەوە، هەروەها تاوەکو ساڵی 2045 بگاتە ئاستی سفر.
دوای هاتنەسەرکاری راستڕەوەکان لە ساڵی 2022دا، حکومەتەکەی کریستەرسۆن باجی بەنزینی کەمکردەوە و داواکارییەکانی سەر کۆمپانیاکانی سووتەمەنی جێبەجێ کرد، هەروەها راسپاردەکانی کۆمسیۆنی تایبەت بە کەشوهەوای بۆ کۆتاییهێنان بە سووتەمەنیی بەردینی رەتکردەوە.
هەڵبژاردنی گشتیی ئەیلوول و راپرسییەکان
بڕیارە لە 13ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، هاووڵاتییانی سوێد پەرلەمانێکی نوێ هەڵبژێرن.
بەپێی راپرسییەکی دامەزراوەی (ڤێریان)کە لەلایەن کەناڵی گشتیی (ئێس ڤی تی)یەوە بڵاوکراوەتەوە، 37%ی دەنگدەران رایانگەیاندووە پرسی کەشوهەوا گەورەترین ئەولەویەتی ئەوانە لە هەڵبژاردندا.
ئێستاش لە راپرسییە گشتییەکاندا هاوپەیمانیی راستڕەوەکان لە دوای رکابەرەکانیانەوەن.
سوێد پێشتر وەک یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهان لە بواری پاراستنی ژینگە و بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە سەیر دەکرا.
بەڵام دوای پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانیی راستڕەوەکان لە هاوینی 2022دا، سیاسەتی کەشوهەوای وڵاتەکە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هات، بەمەش ئامانجە ژینگەیییەکانی پاشەکشەیان کرد.
حکومەتی ستۆکهۆڵم بەرگری لە سیاسەتەکانی دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت دەستبەرداربوون لە سووتەمەنیی بەردینی بە شێوەیەکی پلەبەپلە بێت تاوەکو توانای رکابەریی ئابووری و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی سوید بپارێزرێت.



