رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە ئوردن کۆبوونەتەوە.
بەپێی گوتەی سەرچاوە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی و سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا، شەیبانی و گۆفمان تاوتوێی دامەزراندنی "ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت"ـیان لە ئوردن کردووە کە لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکادا بێت، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەک لە سووریا، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 18ـی ئەم مانگە، ئیسرائیل بنکەی ئەبوو زوهری لە باکووری رۆژئاوای سووریا بۆردوومان کرد، بە پاساوی رێگری لە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لەو وێستگەیەدا، هەرچەندە ئەنقەرە رەتیکردەوە هیچ سەردانێکیان بۆ ئەو شوێنە کردبێت.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە لایەن هیچ لایەکەوە کۆبوونەوەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەمە یەکەمین خولی گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریایە لە دوای چەند مانگێک. هەردوو وڵات لە کانوونی دووەمی رابردوودا و لەژێر گوشاری ئەمریکا، رێککەوتن لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەشی هەواڵگری بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، شەبانی و گۆفمان پرسی چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیلیان بۆ ناو خاکی باشووری سووریا تاوتوێ کردووە.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیسرائیل سەدان هێرشی لە نێو سووریا کردووە و هێزەکانی ناردووەتە ناوچەی دابڕێنەری نێوان هەردوو وڵات لە بەرزاییەکانی گۆلان کە بۆ چەندین دەیەیە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت. هەروەها ئیسرائیل بەڵێنی داوە هێزەکانی لە "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری سووریا بهێڵێتەوە، بە ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی فراوانی داماڵدراو لە چەک.



