رووداو دیجیتاڵ
یوناس گار ستۆر، سەرۆکوەزیرانی نەرویج لە سەردانێکیدا بۆ کیێڤ رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە داراییە گەورەکانی بۆ ئۆکراینا، کە بڕەکەی 9 ملیار دۆلارە. هاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی هۆشداری دەدات کە سوپاکەی بەدەست کورتهێنانی بودجەوە دەناڵێنێت.
رۆژی یەکشەممە 23-08-2026، یوناس گار ستۆر لە پایتەختی ئۆکراینا بە رۆژنامەڤانانی ڕاگەیاند: "پشتیوانیی نەرویج بۆ ئۆکراینا لە ساڵی داهاتوودا لە ئاستی ئەمساڵدا دەبێت، کە 9 ملیار دۆلارە و ژمارەیەکی پێوانەییە." ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەم هاوکارییانە بۆ کەرتی سەربازی و کڕینی چەک تەرخان دەکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رەوشی دارایی سوپاکەی بە "خراپ" وەسف کرد و رایگەیاند، سوپاکەی کورتهێنانی 27 ملیار دۆلاری هەیە. زیلینسکی هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: "ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 10 ملیار دۆلارمان دەستنەکەوێت، سەربازەکانمان چەکی پێویستیان لەبەردەست نابێت."
سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد کە پێشوەختە بەشێک لەو قەرزە 90 ملیار یۆرۆییەی بۆیان تەرخان کراوە، خەرج بکات تاوەکو بتوانن پێداویستییەکانی بەرەکانی جەنگ دابین بکەن.
حکومەتی نەرویج روونی کردووەتەوە کە ئەم هاوکارییانە لە چوارچێوەی "بەرنامەی نانسن بۆ پشتیوانیی ئۆکراینا" دەبێت. بڕیارە بەشێک لەو پارەیە بۆ کڕینی چەک لە خودی کارگەکانی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی ئۆکراینا تەرخان بکرێت، تاوەکو هەم سوپا چەکدار بکرێت و هەم ئابووریی وڵاتەکە ببووژێتەوە.
بڕیارە سبەی دووشەممە کیێڤ میوانداریی کۆبوونەوەی "هاوپەیمانیی خۆبەخشەکان" بکات، کە دەسپێشخەرییەکی فەرەنسی-بەریتانییە بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر رووسیا پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان.
نەرویج لە ساڵی 2022ـەوە یەکێک بووە لە بەهێزترین هاوپەیمانەکانی ئۆکراینا و بەردەوامی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تەقەمەنیی پێشکەش بە کیێڤ کردووە. یوناس گار ستۆر جەختی کردەوە کە "پشتیوانیکردنی ئۆکراینا تەنیا یارمەتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایشی هەموو ئەورووپایە."



