رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ویلایەتی نێڤادا لە رۆژئاوای ئەمریکا، داوایان لە دانیشتووان کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگرێکی خێرا کە بەهۆی باوە تەشەنەی سەندبوو، لە شاری رینۆ (Reno) نزیک بووەوە.
هیلاری شیڤ، سەرۆکی شارەوانیی رینۆ بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن (CNN)ی راگەیاند، نزیکەی 42 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە و داواش لە 45 هەزار کەسی دیکە کراوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ جێهێشتن.
ئاگرەکە کە بە ئاگری 'هۆک' (Hawk Fire) ناونراوە، تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا و تاوەکو پاشنیوەڕۆی یەکشەممە، رووبەرەکەی دەکاتە 6 هەزار و 87 هێکتار زەوی فراوان بوو. بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2025، ئاگرەکە لە دووریی 8 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری رینۆ بەردەوامە لە تەشەنەسەندن. ژمارەی دانیشتووانی شاری رینۆ زیاتر لە 280 هەزار کەسە.
میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە چەند ماڵێکی سەر چیاکەی سووتاندووە و 6 کەسیش بریندار بوون، کە سێ لە بریندارەکان کارمەندی فریاگوزارین.
بەپێی ماڵپەڕی (InciWeb) کە ماڵپەڕێکی حکومەتیی ئەمریکایە و تایبەتە بە چاودێریکردنی ئاگرەکان، ئاگری هۆک "رەفتارێکی زۆر تووند و نائاسایی"ی هەیە. ئەو وێنانەی لەلایەن دەزگای ئاگرکوژاندنەوەی ناوخۆییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراونەتەوە، بڵێسەی ئاگر و پەڵەی گەورەی دووکەڵ لەسەر ئەو چیایانە نیشان دەدەن کە دەکەونە سەرووی شارەکەوە.
جۆ لۆمباردۆ، حاکمی ویلایەتی نێڤادا باری لەناکاوی لە ناوچەی واشۆ (Washoe) راگەیاند کە شاری رینۆ-ی تێدایە. لۆمباردۆ لە فەرمانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاگری هۆک "بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و هەڕەشە لە ماڵ و باڵەخانەکان دەکات."
شاری رینۆ دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای نێڤادا، لە نزیک سنووری کالیفۆرنیا و ناوچەی گەشتیاریی دەریاچەی تاهۆ لە زنجیرە چیاکانی سیێرا نێڤادا.
ریچارد ئێدواردز، بەرپرسی ئاگرکوژاندنەوەی ناوخۆیی داوای لە خەڵک کرد ئامادە بن بۆ ئەوەی هەرکە پێیان گوترا (یان تەنانەت زووتریش) دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. ئێدواردز هۆشداری دا و گوتی: "ئاگری هۆک بۆ ئێمە رووداوێکی زۆر خێرا و گۆڕاوە، چونکە با ئاراستەی دەکات. ئەو ئاگرانەی کە با پاڵنەریانە، بە خێراییەکی زۆر دەگەنە نێو ناوچەکانی نیشتەجێبوون."


