رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێواری "داڕمانی تەواوەتی دایە"، ئەمەش چەند کاژێرێک پێش ئەوەی ئیدارەکەی وردەکاریی سەپاندنی سزای ئابووریی زۆر تووند بەسەر تاراندا بڵاوبکاتەوە.
رۆژی دووشەممە 24ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ترووس سۆشیاڵ' نووسیویەتی: "ئێران بە تەواوی لە داڕماندایە" ئەم پەیامەی ترەمپ پێش بڵاوکردنەوەی ئامادەکاریی فەرمیی کۆشکی سپی هات بۆ سەپاندنی "سزای کەمەرشکێن" بەسەر تاراندا.
بڕیارە ئیدارەی ئەمریکا لە کاژێرەکانی داهاتووی ئەمڕۆدا وردەکاریی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی سزاکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوبکاتەوە. بەپێی زانیارییەکان، سزاکان ئامانجیان تووندکردنەوەی گۆشەگیرکردنی بانکی، بازرگانی و کەرتی وزەی ئێرانە تاوەکو سەرچاوە داراییەکانی تاران بە تەواوی پەک بخات.
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدان کە بەرپرسانی ئیدارەکەی، لەوانەش سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، جەختیان لەوە کردووەتەوە، واشنتن هەوڵەکانی بۆ داڕمانی سەرچاوە داراییەکانی ئێران چڕتر دەکاتەوە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا.
کاردانەوەی تاران بەرامبەر گوشارەکان
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانەش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، ئیدارەی ئەمریکایان بە "تیرۆری ئابووری" و "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" تۆمەتبار کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە سەپاندنی سزاکان تەنیا ئیرادەی گەلی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە بەهێزتر دەکات و کێشەکان چارەسەر ناکات.
دوای دەستپێکردنی جەنگی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی شوباتی 2026دا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشاری ئابووری"ی بەسەر تاراندا پەیڕەو کردووە.
ئەم سیاسەتەی واشنتن ئامانجیەتی ئابووریی ئێران لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بپچڕێنێت و رێگە لە هەناردەکردنی نەوتی تاران بگرێت، تاوەکو رێگە لە پارەدارکردنی بەرنامە سەربازییەکانی بگرێت. سەرباری ئەم بڕیارانە، تاران بەردەوام ئەم بڕیارانە رەتدەکاتەوە و بە هەوڵێک بۆ پەکخستنی بژێویی هاووڵاتییانی سڤیلی دادەنێت.



